ئەمەیە جیاوازی گۆڕان لەگەڵ هێزەكانی تر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوای بگرە و بەردەیەكی زۆر دواجار لەگەڵ پارتی گەیشتنە رێككەوتن، تا ئێرە ئاساییە هەموو هێزێك مافی خۆیەتی رێككەوتن بكات..

ئەوەی كە جێگای پرسیار و هەڵوەستە لەسەركردنە ناوەرۆكی رێككەوتنەكان و رادەی شەفافی رێككەوتنەكەیە، ئەمەش هەمان خاڵە، كە رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هێزەكانی تر جیادەكاتەوە.

12ساڵ لەمەوبەر پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكیان لەژێر ناوی رێككەوتننامەی ستراتیژی واژۆكرد، ئێستاشی لەسەر بێت نەك خەڵكی كوردستان ناوەرۆكی رێككەوتنەكە نازانن، تەنانەت لەناو خودی هەردوو حیزبدا ئەوانەی وردەكاری ناوەرۆكەكەی دەزانن لە پەنجەكانی دەستێك تێپەڕ ناكەن.

رۆژی 18ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكیان لە پیرمام واژۆكرد، هێشتا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان نەگەیشتبوونەوە سلێمانی، دەقی رێكەوتنەكە لە كەناڵی KNNوە بۆ خەڵكی كوردستان بڵاوكرایەوە.

 

یەكێتی ئامادە نەبوو وردەكاری رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاوبكاتەوە


بەڵام، بەپێچەوانەوە نە لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیاندا و نە دواتریش یەكێتی ئامادە نەبوو وردەكاری رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاوبكاتەوە، ئێستاشی لەسەر بێت ئەگەر فزوڵی رۆژنامەنوسەكان خۆیان نەبێت كێ‌ دەزانێت وردەكاری رێككەوتنەكە چۆنە؟ چۆن پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلا دەكرێتەوە؟ چۆن پۆستی وەزارەتی دادی عێراق یەكلا دەكرێتەوە؟ كامانەن ئەو پۆستانەی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەریدەگرێت؟

 

كاتێك گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت میدیاكانی یەكێتی كەوتنە هێرشی راگەیاندن و تەخوین و تەشهیر


بابەتەكە تەنها شەفافیەت نیە، كاتێك گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت میدیاكانی یەكێتی كەوتنە هێرشی راگەیاندن و تەخوین و تەشهیر و نوقڵانە لێدان، كەچی ئەمڕۆ یەكێتی هەمان كاریكرد، هەر ئەوەش نا تەنانەت یەكێتی داوای ئەو پۆستانەشی كردووە كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەووتون.

ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی كراوە بەدیلی رێككەوتنی ستراتیژییە


بەپێی زانیارییەكانم وەك رۆژنامەنوسێك، ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی كراوە بەدیلی رێككەوتنی ستراتیژییە و وەك چۆن رێككەوتنی ستراتیژی بە نهێنی مایەوە ئەم رێككەوتنەش بەهەمان شێواز دەبێت و پێدەچێت بەشێكی لاوەكی لە رێككەوتنەكە بڵاو بكەنەوە، كە لەراستیدا ئەوە نیە هەموو ئەو خاڵانە نیە، كە لەسەری رێككەوتون.

ئەمەیە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزەكانی تر جیادەكاتەوە، هەر بڕیار و رێككەوتنێكی هەبوو بێت لە خەڵكی كوردستانی نەشاردۆتەوە


ئەمەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزەكانی تر جیادەكاتەوە، كە لە رابردوو و لە ئێستاشدا هەر هەنگاو و بڕیار و رێككەوتنێكی هەبوو بێت لە خەڵكی كوردستانی نەشاردۆتەوە و ئەوەش تەنها بۆ دواین رێككەوتنی لەگەڵ پارتی راست نیە، بەڵكو رێككەوتنەكەشی لەگەڵ یەكێتی لە ساڵی 2016 نەك بڵاوكردەوە تەنانەت خستیە بەردەست لایەنە سیاسیەكانی تریش كە هەر هێزێك دەتوانێت بەشداربێت و بێتە ناو رێككەوتنەكەوە.

766 جار خوێندراوەتەوە