لە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تا ئەمڕۆ لە نزیكەوە دەیناسم؛ ئەم پیاوە نەك هەر شایستەی ئەوەیە ببێت بە ڕێكخەری گۆڕان، بەڵكو دەبێت لە ناو مێژووی كوردایەتیدا ناوی بێت و شوێن و پێگەی هەبێت.
ئەم پیاوە لە شاخ شۆڕشگێڕ، فەرماندە و قارەمان بووە؛ هەموو تەمەنی گەنجی تفەنگ لە شان بووە. لە شاریشدا، لە ناو یەكێتیدا ماندوونەناس و دڵسۆز بووە؛ لە ئاسایش سەرچاوەی ئارامی بووە و لە پۆستی پارێزگاریشدا، شارخۆشەویست و سلێمانچییەتی کردووە بۆ خزمەتكردن.
لە سەردەمی گۆڕانیشدا، كەس لەو زیاتری نەكردووە. ئەم پیاوە لە پێناو گۆڕان و نەوشیروان مستەفادا، سڵی لە هیچ دەسەڵاتدار و سەركردەیەكی یەكێتی نەكردەوە. ئەوەی ئەو بۆ گۆڕانی كرد، نەك تەنها بە بەكارهێنانی پۆستەكەی وەك پارێزگاری سلێمانی، بەڵكو لەسەر گۆڕان كیسی گەندەڵی درایە پاڵ و شاربەدەر و وڵاتبەدەر كرا.
كاتێكیش لە ئەوروپا گەڕایەوە بۆ ئەوەی فریای بزوتنەوەكەی نەوشیروان مستەفا (بە مانایەكی تر میراتە سیاسییەكەی ئەو) بكەوێت، بە دڵێكی پاك، بە هێزێكی پێشمەرگانە و بۆ یەكخستنی ناوماڵی گۆڕان هاتەوە، بەڵام چی ڕوویدا؟ بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لە هەردوو لا (كوردسات و گردەكە)، ئەویان خستە ناو گێژاوێكی ناكۆكییەوە كە نە ئەوكات و نە ئێستاش خوازیاری نەبوو، بەڵام تازە دەستی پێكردبوو، ناچار بوو بیگەیەنێتە مەنزڵ.
ئێستا ئەم پیاوە كە بووەتە ڕێكخەری گشتیی گۆڕان، ئەركە قورسەكەی دەست پێ دەكات؛ ڕاستییەکەی وەك "دارەكەی عیسا" پێویستی بە موعجیزەیە بۆ زیندووكردنەوەی گۆڕان. ڕێگەی ئەم موعجیزەیە لای من بەم شێوەیەیە:
یەكەم: ئاشتكردنەوەی ناوماڵی گۆڕان؛ پێش هەمووان پێشوازیكردن لەو كەسە باشانەی لە گردەكەی گۆڕانن و بە ناچاری، هەندێك بە نەزانی، هەندێک لە دڵسۆزی، هەندێك لە عینادی و زۆری تریش لە داخی سەركردەكانی پێشووی گۆڕان (كە بزوتنەوەكەیان بەو دەردە برد) بوونە بەشێك لەو ململانێیە. با ڕوون بم، لە گردەكە خەڵكانێك هەن هێندەی كاك دانا خەمی هەستانەوەی گۆڕانیانە؛ بە پێچەوانەشەوە، مەرج نییە ئەوانەی لە كوردساتن هەموویان كەسە باشەكان بن، خەڵكانێكی تێدایە بەرژەوەندیپەرستن و بەشێكی دەردەسەرییەكەی ئەمڕۆی گۆڕان لە ئەستۆی ئەواندایە.
دووەم: دەبێت كاك دانا ناسنامەی گۆڕان دیاری بكات؛ نابێت تەنها لەسەر ڕابردوو بژین. لای من، كردنی گۆڕان بە (حیزبێكی نەتەوەیی) هەنگاوی هەستانەوەیە. ئێمە حیزبمان زۆرە، بەڵام حیزبێك هێڵە نەتەوەییەكان تۆخ بكاتەوە و ئەولەویەتی بێت، من بە ڕوونی نایبینم.
سێیەم: هەیكەلییەتی حیزبی گۆڕان بۆ ئێستا كێشەی زۆرە، پێویستە دابڕێژرێتەوە بە جۆرێك لەگەڵ كاركردنی حیزبێكی نەتەوەییدا بگونجێت.
چوارەم: كاك دانا پێویستی بەوەیە شار بە شار، قەزا بە قەزا، ناحیە بە ناحیە، گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ بگەڕێت و لە دەرگای ئەو گۆڕانخوازانە بدات كە تا ئێستاش كەس لەوان دڵسۆزتر، كوردتر و گۆڕانخوازتر نییە.
قسە زۆرە، با ئەوەندە بۆ ئێرە بەس بێت. هەرچۆنێك بێت، تاقیكردنەوە قورسەكە لە ئەمڕۆوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید دەست پێ دەكات و دەبێت چاوەڕێ بین بزانین دەتوانێت چی بكات.
170 جار خوێندراوەتەوە