بزووتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی جەماوەری سیاسییە و گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی و چاکسازی لە جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عێراق ئامانجی سەرەکییەتی. بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئەم ساتەوەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گۆڕانکاری دەزانێ لە کوردستانی عێراق. لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەش بەرنامەی سیاسی و شێوازی کاری خۆی داڕشتووە و بەو پێیەش هەنگاوەکانی داهاتووی دیاریدەکات. بۆیە، هەر هەوڵێک کە لەپێناوی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجەدا بێ، گۆڕان پشتیوانی دەکات و هەر هەنگاوێکیش لەو ئامانجەی دووربخاتەوە رەتیدەکاتەوە. گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیە و بزووتنەوەی گۆڕان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ـی سێپتەمبەری 2018 دەستیپێکرد. لەکەسیش شاراوە نییە، کە هەڵبژاردنەکان پڕ بوون لە تەزویر و ساختەکاری. هەروەها رێژەیەکی کەمی هاووڵاتیان بەشداریان لەو پرۆسەیەدا کرد. هەر بۆیە ژمارەی کورسی و دەنگی راگەیێندراوی لایەنە سیاسییەکان گوزارشت لە سەنگ و پێگەی راستەقینەی لایەنەکان ناکەن. سەرەڕای ئەوەش بزووتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی، بەرپرسیارانە پێشوازی لە بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ.
بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی هەرێم یان بوون بە ئۆپۆزیسیۆن دوو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا. هیچکام لەو دوو بژاردەیەش سەد لە سەد باش و ئەوەکەی تر بە تەواوی خراپ نییە تاکو بتوانرێ بە ئاسانی یەکێکیان هەڵبژێردرێ. هەردوو بژاردەکە لایەنی باش و خراپی هەیە و دوور نییە لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی هەر بژاردەیەکیان وا دەرنەچێ کە چاوەڕوان دەکرێ. بەڵام ئەوەی کە پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە هەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێ و لەگەڵ ئامانج و بەڵێنەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکات و ئەگەر وا نەبێ رەتیدەکاتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک بەشداری لە حکومەتی داهاتووی هەرێمدا دەکات کە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ ئەوەی داکۆکی لێبکات و کار بۆ جێبەجێکردنی بکات.
بەرنامەیەک کە پاکێجەکانی چاکسازی و، بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێم و هەنگاونان بۆ گێڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر بۆ سەر هەرێم و باشکردنی بژێوی خەڵك و خزمەتگوزارییەکان و بنبڕکردنی گەندەڵی بەپێی خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو لەخۆ بگرێ. هەروەها کە پێگەی گۆڕان لەو کابینەیە وەک شەریکێکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت.
ناکرێ و نابێ چیتر چاوپۆشی لەوە بکرێ کە دوای 27 ساڵ لە حوکمڕانی کوردی ئێستاش حکومەتی هەرێم خاوەنی هێزی چەکداری نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی نەبێت و ئەزموونەکەمان، کە بە خوێن و فرمێسکی سەدان هەزار کەس بەدەست هاتووە، هەموو ساتێک لەبەردەم ترس و دڵەڕاوکێی ئەگەری بەکارهێنانی هێزی چەکداری حیزبی دژ بەیەک و لەتکردنی ئەو بەشە بچووکەی هەرێم دابێ، کە لە نیوە کەمتری خاکی کوردستانی عێراق پێکدەهێنێ؛ یان داهاتی هەرێم نادیار بێ و بڕەکەی بە پێشبینی و بۆچوونی ئەم و ئەو بخەمڵێندرێ؛ یاخود ئاو، کارەبا، خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە لە نزمترین ئاستدا بن. ناکرێ و نابێ چیتر کار بۆ سەربەخۆیی دادگاکان نەکرێ و سەرەڕای بوونی هەزاران پارێزەر و یاساناس و سەدان دادوەری شارەزاو دڵسۆز، کەچی هاووڵاتیان متمانەیان بە سیستمی دادوەری لە هەرێم نەبێ.
با کێبڕکێی لەمەودواو پێوەری بەهێزیی حیزبەکان ئەوە بێ کە کێ لەو پرسە نیشتمانییانەدا سەرمەشق دەبێ. هەر کەس و لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێ پشتیوانی هاووڵاتیان و ستایشی مێژوو بەدەست بهێنێ، وا چاکە کار لەسەر ئەم چەمکانە بکات. بزووتنەوەی گۆڕان بەو چاوە تەماشای رووداوەکان و دانوستاندن و ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات.
هەر بۆیە، ئەگەر ئاراستەی گفتوگۆکان بەو ئاقارە بێ و ئەو نیەتە لە لایەنی بەرامبەر بەدی بکرێ، ئەوا جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەرێنی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت دەداو کاندیدی بەرکەوتەی پۆستەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. بەپێچەوانەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەجاران شێلگیرانەتر وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر داکۆکی لەو پرەنسیپانە دەکات و هەموو شێوازێکی خەباتی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. چونکە ئەو داواکاریانەی گۆڕان لە خزمەتی گەلەکەمان و بەرەو پێشبردنی ئەزموونەکەمانە.
738 جار خوێندراوەتەوە