بزوتنەوەی گۆڕان چی دەکات؟

دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی 25-7-2019ی پەرلەمانی کوردستان بەرجەستەبوونی هزری گۆڕانخوازی‌و بێزاری‌و ناڕەزایی خەڵک بوو لە حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکیێتی نیشتمانیی کوردستان. بزوتنەوەی گۆڕان توانی داوای هاوڵاتیانی کوردستان بۆ چاکسازی‌‌و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستانی عیراق بکاتە ئامانجی جوڵانەوەکەو پەیام‌و بەرنامەی سیاسی خۆی لەسەر ئەو بنچینەیە داڕشت. دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیان وابوو دەبێ زەمینەی پرۆسەی گۆڕانکاری بێتە ئاراوەو ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە دابین بکرێن بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی، بەڵام پێیان وانەبووە کە لە کونفەیەکونێکدا گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام دەدرێ‌و هەموو پەیام‌و پرۆژەو ئامانجەکانی لە ساڵێک یان لە خولێکی پەرلەماندا دێنە دی.

 

خەباتی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێم لەپێناوی ئەوەیە دادوەریی کۆمەڵایەتی‌ دەستەبەر بکرێ‌و، سەروەری یاسا بچەسپێ‌و، هەلی کارو بژێوییەکی شەرەفمەندانە بۆ هەر تاکێکی کوردستان دابین بکرێ‌


خەباتی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێم لەپێناوی ئەوەیە دادوەریی کۆمەڵایەتی‌ دەستەبەر بکرێ‌و، سەروەری یاسا بچەسپێ‌و، هەلی کارو بژێوییەکی شەرەفمەندانە بۆ هەر تاکێکی کوردستان دابین بکرێ‌و، خزمەتگوزاری تەندروستی‌و پەروەوردەی شایستە بە هاوڵاتیانی کوردستان پێشکەش بکرێ‌و ئاسایش‌و سەقامگیری‌و ئازادی پارێزراو بێت. لە دیدی گۆڕانەوە، تەنیا لەو هەلومەرجەدا شکۆو کەسایەتی بۆ تاکی کورد دەگەڕێتەوەو هەستی ئینتیما بۆ خاکی کوردستان لای هاوڵاتیانی کوردستان بەهێز دەبێ. ئەوسا خەڵک ئامادە دەبێ لە پێناوی بەرگریکردن لە قەوارەی سیاسی هەرێم‌و بنیاتنانی پایەکانی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قوربانی بدات. بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوو ئەزمونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن‌و بەشداریکردنی لە حکومەت تاقیکردۆتەوە.

 

گۆڕانکاری ریشەیی‌و دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی نوێ لە ماوەیەکی کورتدا تەنیا لە رێی کودەتای سەربازی، یان راپەڕینی جەماوەری یاخود داگیرکردنی وڵات لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە دێتە دی


گۆڕانکاری ریشەیی‌و دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی نوێ لە ماوەیەکی کورتدا تەنیا لە رێی کودەتای سەربازی، یان راپەڕینی جەماوەری یاخود داگیرکردنی وڵات لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە دێتە دی. بەڵام ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردوەو، تا ئەم ساتە وەختەش، پەیڕەوی دەکا ئەوەیە، کە لە رێگای خەباتی مەدەنی‌و بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕانکاری ئەنجام بدرێ. بۆیە هەر کاتێک لە هەڵبژاردنێکی پاک‌و ئازادا گۆڕان بتوانێ زۆرینەی رەهای دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان بەدەستبهێنێ ئەوسا دەتوانێ ئەو گۆڕانکارییە ریشەییەی هەوڵی بۆ داوەو بەڵێنی بە خەڵک داوە جێبەجێی بکات‌.

بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە هەر رێگایەکەوە بتوانرێ چاکسازی‌و گۆڕانکاری بکرێ گۆڕان ئەو رێگایە هەڵدەبژێرێ. ئەگەر رێژەیەکی باشی ئەو گۆڕانکارییەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵاکەی بەرز کردۆتەوەو خەڵکی کوردستان داوای دەکا بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بێتە دی، ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان بێ دوو دڵی ئەو رێگایە دەگرێتە بەر. ئەگەر نا، ئەوا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە درێژە بە خەبات دەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. دەبێ هەموو کەسێک ئەو راستییە بزانێ تا گۆڕانخوازێک لەم هەرێمە بمێنێ بزوتنەوەی گۆڕان لە هیچ بارودۆخێک‌و لە ژێر هیچ فشارێک سازش لە پرەنسیپ‌و بەڵێن‌و پەیامەکانی ناکات. گۆڕان نە ئەوەندە خۆشخەیاڵە تاکو بێباکانە بێ ئەوەی داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن بەشداری لە حکومەت بکا‌؛ نە هێندەش نائومێدە بە خەڵکی کوردستان‌و دەنگدەرەکانی، کە نەتوانێ لە ئۆپۆزیسیۆندا سەرمەشقی خەباتی مەدەنی بێت لەپێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری.

 

ئەو شێوازی خەباتەی گۆڕان لەم بارودۆخە دژوارەی کوردستان‌و ناوچەکە پیادەی دەکا کارێکی ئاسان نیە


ئەو شێوازی خەباتەی گۆڕان لەم بارودۆخە دژوارەی کوردستان‌و ناوچەکە پیادەی دەکا کارێکی ئاسان نیە؛ پشوی درێژ‌و ئیرادەی بەهێزو کاتی گەرەکە. لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ چونکە پەیامەکانی گۆڕان لە بەرژەوەندی خەڵکەو سەدان هەزار کەس بە بڕوای تەواوەوە پشتیوانی لێدەکەن، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیرادەیەکی بەهێزو پشوێکی درێژەوە لە هەمو ئاستێک خۆی بۆ هەمو ئەگەرەکان ئامادە دەکاو تا سەرکەوتن ناوەستێ.

842 جار خوێندراوەتەوە