پرسی گەندەڵی
لە دونیای ئەمرۆدا لقێکی گرنگی زانستی سیاسەتە و لە زانکۆکاندا گرنگی تایبەتی پێدەدرێت،
زانستێک وەک ماددەیەکی موختەبەری دەخوێندرێت، بە مانای ئەوەی کە چەندان کەیس لە چەندان
دەوڵەتەوە دەخرێنە بەر نەشتەرگەری تیۆرە زانستییەکانی بواری سیاسەت، ئەمەش لە بەرئەوەی
گەندەڵی پەیوەندی راستەوخۆی بە مانیفێست و پەیکەر و رەفتار و ستراتیژیەتی دونیای سیاسەت
و شێوازەکانی حکومرانییەوە هەیە، بەر لەوانەش، شەن وکەوکردنی شێوازەکانی بەرەنگاربونەوەی
گەندەڵی و بەرجەستەکردنی یاسا و رێکارە گشتییەکان و کۆی ئیرادەی سیاسییە بۆ هێنانەدی
دادپەروەری یاسایی و سیاسی لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری، تەنانەت یەکێکە
لەو بوارانەی کە لێکۆڵەوەرە سیاسییەکان وەک ئالەنگاری تەماشای دەکەن.
هەرچەندە گەندەڵی
سەر بە جوگرافیایەکی تایبەت نییە، هەرچەندە گەندەڵی پەتایە، هەرچەندە بەشێکە لە
وجودی هەتا هەتایی مرۆڤ و ململانێی بەردەوامی هەمیشەیی نێوان بەرژوەندییەکان و سەرپێچیکردن
و پێشێلکردن، بەڵام با ئەم راستییە تاڵانە نەبنە بەهانە و پاساو بۆ ئەوەی بە گەندەڵی
قایلبین، ئەو کاتەی کە بە تەواوی خۆمان بۆ پێشلێکردنی مافەکان شل دەکەین، ئەو کات
گەندەڵی دەبێتە دامەزراوە، بە مانایەکی فراونتر کۆی سیستمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی
و کەلتور دادەڕمێن و ئەو کاتە، دەبێتە "کەینونە" و دەبێت گومان لە بونی
خۆمان وەک کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی بکەین!
بە کورتی،
ئامانج و کرۆکی ئەم نوسینە گەڕانە بە دوای هۆکار و شێوازەکانی رێگرتن لەوەی گەندەڵی
ببێتە چەمکێکی رەوای نێو دامەزراوە و دواجار وەک حەقیقەت و کەلتوری چەسپاو قبوڵ
بکرێت. سەرەتاش، گرنگە دو جۆر لە گەندەڵی دەستنیشان بکەین، یەکەمیان گەندەڵی سیاسییە
لە نێو دامەزراوەدا، کە مەبەستی ئەم نوسینەیە، دوەمیان گەندەڵی دارایی و کارگێرییە،
ئەمەیان دەرهاویشتەی ئەوەی یەکەمە. سەرباری ئەمانەش، فاکتەرێکی دیکەی گرنگ هەیە ئەویش
ئەوەیە کە باس لە دۆخی گەندەڵی دەکەین دەبێت دۆخ و رەوتی گەندەڵییەکە دەستنیشان بکەین،
ئەو رەوتەی لێرە مەبەستمانە، رەوتی دۆخی فریاگوزارییە "طوارئ"، دۆخێکە تێیدا
دامەزراوە وەک دامەزراوەیەکی پیشەیی ستاندەرد جارێ بونی نییە، یاخود دامەزراوە لە
سەرەتایی دروستبوندایە، یاخود دامەزراوەیەک بونی هەیە کە بە تەواوی خەسڵەت و مۆرکێکی
لۆکەڵی داخراوی هەیە و بە ئەستەم دەگۆردرێت، یاخود دامەزراوەکە سێبەری پەیکەری
پارتی سیاسییە و ناتوانێت لەوە باشتر بخوڵقێنێت. بەداخەوە ئەم فۆرمانە، لە فۆرمە
باوەکانی دونیای دامەزراوەی ئێمەیە لە دۆخی زیاتر لە سەد ساڵ لە فریاگوزاری.
زێدەرۆیی نییە
بڵێێن، لای ئێمە، رەگەکانی دامەزراوە خۆی لە میکانیزمەکانی مێژوی بەرگری سیاسییەوە
داکوتاوە، بەهەمو باش و خراپییەکانییەوە، ئەوە خەسڵەتەکانی ناو ئەو مێژویەیە کە لە
شێوازەکانی بەرگرییەوە لە نێو ئەشکەوت و گوندەوە، بە ئاگا یاخود بێ ئاگا، بۆ نێو
شار شۆربۆتەوە، شار خۆشی هەمیشە لە ململانێ و گینگڵدابوە بۆ دۆزینەوەی شوناسێکی مەدەنی،
هاوشان بەوەش، مێژویەک لە شێوازێکی دیاریکراوی دەوڵەتداری لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە
درێژبۆتەوە کە بەهۆی دۆخی ناجێگری سیاسییەوە پانتاییەک بۆ گۆرانکاری و ریفۆرم لە
ئارادا نەبوە، و کاریگەری لەگەڵ دونیای دەرەوەیدا نەبوە. ئەمەش سەرباری فۆرمە تۆتالیتارییەکانی
دامەزراوە لە حکومەتە یەک بە دوایەکەکانی بەغدا کە بەهۆی ئینقلابە بەردەوامە سەربازییەکانی
سوپا و بێ دەستەڵاتی و نەبونی کاریگەری پارتی سیاسی مەدەنی، دۆخی فریاگوزاری، قەت،
یارمەتی ئەوەی نەداوە کە وڵاتەکە پێ بنێتە قۆناغی گواستنەوە بەرەو گەشەسەندی ئابوری
"موتەکامیل" تاوەکو پەیوەندی نێوان گەندەڵی و دامەزراوە بە مەنهەجێکی دیکە
هەڵسەنگێنین.
دیسانەوە، زێدەرۆیی
نییە کە دەڵێین لەو دۆخەدا ئەوە کۆی سیستمە گشتییەکەیە کە زەمینە بۆ گەندەڵی دەرەخسێنێت،
کۆی سیستمەکەیە کە دواتر رەفتاری سیاسی گەندەڵ دەکات نەوەک بە پێچەوانەوە، هەرچەندە
هەردوکیان تەواوکەری یەکترن و کاریگەریان لەسەر یەک هەیە و وەک خولانەوە لە یەک
بازنەدایە. رونترین و راشکاوترین نمونە، سیستمی دادوەرییە کە زۆر کەم گۆرانکاری
هاوشان لەگەڵ روداوە سیاسییەکاندا دروست کردوە، تا ئێستاش لە زۆر بواردا، یاساکانی
ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشی بەعس بەکار دێن، تەنانەت ئەو یاسایانە بە یاساکانی
حکومەت ناونابرێن. لەم رەوتەدا گەندەڵی، وەک ناسراوە، دەبێتە "رێساکانی گەمەکە"
سەرەتاترین
پرسیار، بەڵام گرنگترینیان، ئەوەیە بۆ گومان لە توانای سیاسی خۆمان دەکەین؟ بۆ رەخنە
سیاسییەکان بە ئاراستەی بیناکردن نییە؟ بۆ هەڵسەنگاندنە سیاسییە مێژویەکان و هەمو یاداشتنامە
سیاسییەکان لە بری ئەوەی وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکان بداتەوە، سەرمەستی ململانێ شەخسییەکانن.
دەشێت لێکۆڵەوەرەکانی بواری کۆمەڵناسی و ئەنسرۆپۆلۆجی وەڵامیان بۆ ئەم خەسڵەتەی کۆمەڵگە
هەبێت، وەڵام و هەڵسەنگاندیان بۆ جۆر و فۆرمی پارتی سیاسی هەبێت کە یەکەم دامەزراوەیە
لە مێژوی سیاسی ئێمەدا. وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەنەوە بۆ ئەو فۆرمە سیاسییانە بە
پارتەکانی سەنگەری چەپ و راستەوە لە بری گەشەسەندن پوکانەوە.
وەڵامدانەوەی
ئەم پرسیارانە راستەوخۆ پەیوەندی بە بونی فراوانکردنی توانا وتێگەیشتنی سیاسی و
دونیابینینی سیاسی و کەلتوری و مەنهەجەکانی ئیدارەدانی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە.
توانای دامەزراندنی دامەزراوەیەک کە بتوانێت خۆی لە گەمێکانی گەندەڵی بپارێزێت، عێراق،
بەهەرێمی کوردستانەوە بەڵام بە رادەی جیاواز، باشترین نمونەیە، لە پاش ٢٠ ساڵ لە پەرەسەندنی
گەندەڵی، توانایەکی سیاسی دامەزراوەیی بۆ راگرتنی گەندەڵی نییە. ئەگەر گەندەڵی پەتا
بێت، ئەوە نەبونی رێکاری سیاسی و ئیداری بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی نەخۆشی شێرپەنجەیە.
پوختەی قسە: بەندە،
لەو بڕوایەدایە، چۆن ئەدەب پێوستی بە خەیاڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەفراندن و داهێنان
بکات، بە هەمان شێواز، هێنانەدی فۆرمێکی تەندروست لە دەوڵەتداری یان حوکمڕانی
دروست لە هەندێ روەوە وەک نوسینەوەی یاداشتنامە و قەسیدەیەکی درێژە کە مێژو و
روداو و کەلتور و کەسایەتی تێیدا بە شێوازێکی نوێ وەک مەعریفەیەکی نوێ تەوزیف و دەبێت
و بەرهەم دێنێتەوە. پرۆسەی دەوڵەتداری بەهای سروشتی خۆی بەرجەستە ناکات ئەگەر رێکاری
سیاسی و ئیداری ئاسایی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دادوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە
ئارادا نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە گواستنەوەیەک لە قۆناغی شەرعیەتی شۆرشگێرییەوە
بۆ شەرعیەتی دامەزراوەی وردە وردە بهاتایەتە ئاراوە. ئەم گواستنەوەیە هەمیشە پێویستی
بە جۆرێک لە "التخيل" هەیە، واتە فراوانکردنی مەوداکانی تێڕوانینی سیاسی
بۆ کاری سیاسی و ئیدارەدانی کۆمەڵگە بە هەمو ناکۆکییەکانییەوە.
بەداخەوە، لەبری
ئەم پرۆسەیە، نوخبەی سیاسی ئێمە، لەلایەک، بۆ چەمککردنی دامەزراوە، کاریزمای سیاسی
لە مەرگەوە دەهێنێتەوە ژیان و رۆحی پێدا دەکاتەوە، واتە سەرچاوەی وزەی کاری سیاسییەکە
مەرگدۆستییە، نەوەک ئاییندەدۆستی، و لەلایەکی دیکەوە، پشت دەبەستێت بە پەیوەندی خوێن
و" العصبية" بۆ هێنانەدی متمانەی سیاسی گشتی، دیسانەوە، بەداخەوە نوخبەی
سیاسی بە گشتی لە هیچیان سەرکەوتو نەبوە. مەبەستی سەرەکیش، لە سەرەتادا، مانەوەی سەقامگیری
سیاسییە کە پشتئەستورە بەو کە لتور و گەمێ سیاسیانەی کە ئارادایە، نەوەک گەران بو
بێت بە دوای فیکرێکی سیاسی کە مەوداکانی بیرکردنەوەی سیاسی فراوان بکات، رەنگە
گرفتەکە بونی نائومێدی بێت لە هەمو ئەو هەوڵە سیاسیە رۆشنفیکرییانەی کە لە سەدەی
رابردودا هەبون و کاریگەری کوشندەی بەردەوامی جەنگ کە هەمو بەهاکانی مرۆڤدۆستی هاڕیوە.
101 جار خوێندراوەتەوە