35 ساڵ لەمەوبەر، لە بەرەبەیانی 7ی ئازاری ساڵی 1991، هاوڵاتیانی شارى سلێمانی لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و لە ماوەیەكی كەمدا توانیان زۆرینەی شارەكە ئازاد بكەن.
هەواڵ: KNNC
راپەڕینی سلێمانی وەك یەكەم شاری گەورە كە پێش ئەویش چەند شار و ناوچەیەكی دیكە ئازادكرابون، گڕوتینی زیاتری بەخشییە هاوڵاتییانی كورد لە سەرتاسەری كوردستاندا بۆ بەردەوامیدان بە راپەڕین و راماڵینی دامودەزگاكانی بەعس لە شار و شارۆچكەكانی تردا.
دوای دوو رۆژ لە راپەرینی رانیە، لەبەرەبەیانی رۆژی 7 ی ئازاردا، راپەڕین گەیشتە سلێمانی و دانیشتوانی شارو شانە چەكدارەكان و ژمارەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەر لە بەیانی ئەو رۆژە هێرشیان كردە سەر دامودەزگاكانی بەعس.
لەكاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانییدا، شانە چەكدارەكان و هێزی پێشمەرگەو خەڵكی سلێمانی، شاڵاویان بردە سەر حامیەی جەیش و سەرا و "دائیرەی تەجنیدی سەرچنار، ئازادیان كردن، دواتریش لە ماوەیەكی كەمدا، هێرش كرايه سەر، ئەمنی سەرچنار و مونەزەمەی سەرچنار و فيرقەی قادسیە لە سەرچنار و لەیەك كاتدا کۆنتڕۆڵکران و چەند تەقەیەكی كەم تیایاندا رویدا، پاش کۆنتڕۆڵکردنى مەركەزی پۆلیسی سەرچناریش، لە ماوەی كاتژمێرێكدا، پێشمەرگە و شانە چەكدارەكان و لاوانی سەرچنار و تەواوی جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی بەرەو ئازادكردنی ئەمنی سلێمانی – (ئەمنە سورەكە)، بەڕێكەوتن.
بەهۆی گردبونەوەی هەمو كاربەدەستان و ئەفسەران و پلە باڵاكانی بەعس لە ئەمنەسورەكەی سلێمانی، شەڕێكی قورسی دوو رۆژە لەوێ رویدا و سەرلە ئێوارەی رۆژی دواتر، 8ی ئازار (ئەمنە سورەكە)ش كۆنتڕۆڵ كرا.
ئەمنە سورەكە، شوێنێكە كە یادەوەریی تاڵی لای ئەوكەسانە بەجێهێشتووە كە لەكاتی بەعسدا لە سلێمانی ژیاون، لەو شوێنەدا بەدرێژایی چەندین ساڵ رژێمە سەركوتكەرەكەی بەعس بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجەی خەڵكی دەدا.
هەرچەندە وەك پێشمەرگە دێرینەكان دەیگێڕنەوە، ئەوان لە ناوچە جیاجیاكانەوە بە دوو رۆژ پێش راپەڕینی سلێمانی بەرەو شار جوڵەیان كردوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان 7ی مانگ گەیشتونەتە شار و لەگەڵ خەڵك بەشداریی راپەڕینیان كردوە، بۆ رۆژی دواتر و لە8ی مانگ ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی پێشمەرگە لە شاخی گۆیژەوە دابەزینە ناوشار.
بارودۆخی شار بۆ رۆژی دواتر و لە 9ی 3دا، بەجۆرێك بوە هیچ تەقەیەكی تێدا نەماو و هاوڵاتیيان بە جۆش و خرۆشێكی بەتینەوە خۆشحاڵیی خۆیان بە رزگاركردنی شار دەربڕی و هێزەكانی پێشمەرگەش ئەركی پاراستنی دامودەزگا حكومییەكان و شوێنە گشتییەكانیان لە ئەستۆگرت.
ئازادكردنی شاری سلێمانی بە خوێنی زیاتر لە 100 شەهید، لە لایەن هێزی پێشمەرگەو هاوڵاتیان بە هەموو چین و توێژەكان و برینداربوونی 45 كەس بوو ـ بەوشێوەیە, سلێمانی تاجی ئازادكردنی لە سەرنا و ئازادكرد سلێمانی، بووە هەوێنی راپەرینی هەولێرو دهۆك و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان.
95 جار خوێندراوەتەوە