بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لەبارەى دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن رونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 15/07/2021
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى وادەى دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن و چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن ئاشکرا دەکات.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لەمیانى بەشدارى کردنى لە بەرنامەى ستیۆدیۆ رادیۆى کەناڵى (KNN) دا رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزارەتى پەروەردە بڕیارى داوە لە (1/9/2021) پرۆسەى خوێندنى ساڵى داهاتوو بۆ پۆلى دوو تاکو پۆلى شەش لەناو پۆلدا دەسپێبکات.

راشیگەیاند، لەسەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى نوێى خوێندندا ماوەى مانگێک دیارى کراوە بۆ پێداچونەوە بە بابەتە گرنگەکانى ساڵى رابردوو، بە تایبەتى ئەو بابەتانەى کە لەساڵى رابردوودا نەتوانراوە بخوێنرێن.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، قۆناغەکانى دیکەش لە رۆژى (11/9/2021) دەست بە خوێندن دەکەنەوە.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەرێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى رایگەیاند، لەئێستادا سەرقاڵى پێداچونەوەن بە یاساى وەزارەتى پەروەردەدا و هەوڵ دەدەن کردنەوەى خوێندنگاى درێژخایەن لەناو یاساکەدا جێگیر بکەن کە هاوشێوەى خوێندنگاى ئەهلیە، بەڵام لەلایەن دایک و باوکى خوێندکارەوە پاڵپشتى دارایى بکرێت و خوێندنیش تێیدا ئارەزومەندانەیە.

ئاشکراشى کرد، جۆرێکى دیکەى خوێندن کە هەوڵ دەدرێت لە یاساى وەزارەتى پەروەردەدا جێگیر بکرێت، کردنەوەى خوێندنگاى هاوبەش لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و کەرتى تایبەتەوە.  

4808 جار خوێندراوەتەوە