ژمارەیەک
چەکدار، کە سەر بە سوپای عەدلن و دژی حکومەتی ئێرانن، هێرشیان کردە سەر یەکێک لە
دادگاکانی سەر بە سیستان و بەلوچستان و بە گوێرەی زانیارییەکان، کوژراو و بریندار هەیە.
هەواڵ:KNNC
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردوەتە سەر
باڵەخانەی دادگا لە شەقامی ئازادی لە زاهیدان و لەگەڵ چونە ژورەوەیان دەستیان کردوە بە تەقەکردن.
بەگوێرەی
زانیارییەکان هێرشەکە زیانی گیانیانی و ماددی لێکەوتوەتەوە، بەهۆیەوە لای کەم هەشت کەس کوژراون و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکەش بەردەوامە.
لای خۆیانەوە گروپی
سوپای عەدل، کە حکومەتی ئێران بە گروپی تیرۆریستی ناساندونی، بەرپرسیارێتی ئەم
هێرشەی دادگای زاهیدانیان لە ئەستۆ گرتوە.
زاهیدان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و سونە نشینن، یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کێشە ئەمنی هەیە و بەردەوام شەڕ و گرژی و پێکدادان تێیدا ڕودەدات.
دوابەدوای
هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە
قەدەغەی هاتوچۆیان لە دەوروبەری ناوچەکەدا ڕاگەیاند و ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی
بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی هێرشیان کردوە.
2558 جار خوێندراوەتەوە