ترەمپ: ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دروست دەکەین

KNN : Kurdish News Network
06:11 - 28/07/2025
جیهان
+
-

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: برسێتییەکی زۆر لە نێو منداڵانی غەززەدا هەیە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات، بۆیە کاری هەرە لە پێشینەمان دابینکردنی خواردنە بۆ منداڵانی ئەو کەرتە

 
ئەمرؤ دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بارەی دۆخی غەززە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ناوەندێکی دابەشکردنی خواردن لە غەززە دروست دەکەن، کە خەڵک بە شێوەیەکی ئازادانە بەبێ هیچ بەربەستێک خواردن وەرگرن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی میدیاکان هەندێک لە منداڵانی غەززە خەریکە دەمرن لە برسان. 

ترەمپ وتیشی: هەر بە جددی برسێتییەکی زۆر لە غەززە هەیە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات، بۆیە بەر لە کردنی هەر کارێک دەبێت خواردن بۆ منداڵانی ئەو کەرتە دابین بکرێت. ئەوەشی خستە ڕوو، ئیسرائیل لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرپرسیارە دەتوانێت هاوکاری زیاتر دابەش بکات.

باسی لەوەش کرد، هەرچەندە حەماس نایەوێت بارمتەکان و تەرمی بارمتەکان ڕادەست بکاتەوە، بەڵام ئەگەری ڕێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە هەیە.

 
لای خۆشیەوە، کییەر ستارمەر  سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا  وتی: دەبێت وا لە وڵاتانی دیکە بکەین فشاربکەن تا ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت. 

 
دوێنێ یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند کە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی رادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان رۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.

126 جار خوێندراوەتەوە