چیان لە گۆڕان دەوێت ؟ بەشی سێیەم

بیانوە،  یاخود تەسلیمبوونە ؟ 

 

بەشێک لەو بەناو ناراڕیانەی، کە لە هیچەوە و بەرێگای سودفە خۆیان لە ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی  گۆران  بینیەوە و هەر بەسودفە پلە و پایەی باڵای سیاسییان بەخۆوە بینی، کە پێشتر لە خەویشدا پێشبینی ئەو چانسەیان نەدەکرد، بە بیانوی ئەوەی گۆران بەشدارە لە پرۆسەی سیاسی حکومەت ناڕازین، چونکە بەگوتەی ئەوان گۆران خۆی ڕادەستی پارتی کردوە.

 

بەڵام ئایا گۆران لە بنەرەتدا بۆ دژایەتی حکومەت ودەسەڵات و قەوارەی هەرێمی کوردستان دامەزرا، یا خود بۆ چاککردنی؟، ئەگەر بڕوانینە گوتارە دەنگی و تێکستییەکانی ڕەوان شاد و بەرنامە سیاسیەکانی گۆران، کە لە ئانی هەڵبژاردنەکان پەخشی کردوە، بەڕونی  دەردەکەوێت بزوتنەوەی گۆران مەیل و ویستی ئەوەی هەبووە بەشداری پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بکات. لە لایەکی ترەوە لە یەکەمین گۆنگرەی گۆران کێ دروشمی (بەرەودەسەڵات)ی کۆنگرەی دانا؟، بۆ زاتی ئەوەیان نەکرد راشکاوانە بە ڕەوانشاد بڵێن چونە دەسەڵات لادانە یا ن هەڵەیە؟ بۆ سەرو ملی رەزامەدییان بۆ ئەو دروشمە لەقاند؟.

 

ئەو گورزەی  ئەو بەناو  ناڕازیانە لە کەمەری گۆڕانی دەدەن، بزانن و نەزانن دەچێتە خزمەتی لایەنێکی دیاری کراوی دەسەڵات، بەمەش ئەگەر ئاگادار نەبین ئەو خەونەی گۆڕان لەبار دەبەن، کە لەسەروبەندی ئەوەدا بوو ییستمی حزبایەتی لە دوودانەییەوە بگۆرێت  بۆفرەیی کارلێک نەک فرەیی شكڵی، کە لە ئەنجامی نەبونی لایەنی سێیەم وەک هاوسەنگیی، ئەو دوولایەنە سەرەکییە (پارتی و یەکیتی) لە باشترین حاڵەتدا یان ئەگەری دابەشکردنەوەی  کوردستان و شەڕی نەگریسی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە یاخود وەکو برابەش خێروبێری کوردستان لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن  و بەو جۆرە لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان  بەهەندی  موراعاتکردنی پارتی بۆ یەکێتی بەردەوام دەبن.

لە لێدوانێکی لاهور جەنگی،  کە لەم  ساڵانەی  دوایدا بڵاوبۆوە و وتی : ئەگەر  یەکێتی بەهۆش  خۆی  نەیاتەوە،  ئەوا  زۆنی  سەوز دەگۆردرێت  بۆ زۆنی نیللی  و ڕەمز و هێمای مام جەلالیش دەگۆردرێت بۆ هێمای نەوشیروان، ئەوە لەکاتێکدا بوو  پێش ئەوەی لاهور جەنگی، بەو قەبارە و بارستەیە، لەناو یەکێتی دەرکەوێت، سەرکردە بەتەمەنەکانی تر بۆ دژایەتیکردنی گۆڕان دەیان میکانیزمی وەک سەرەوت و پارەبەخشینەوەیان بەکارهێنا، بەڵام گۆڕان هەر بەهێز تر دەبوو، بە گوێرەی سەرچاوەیەک لەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە، یەکیتی زیاتر لە هەزار ئوتومبیللی بۆ کادرە  باڵا و مام ناوەندەکانی کڕیوە، تاوەکو نەبن بە گۆڕان. ئەوە جگە لە دامەزرادنی هەزاران لایەنگر و بەخشینەوەی زەوی و شوقەقە و ئیمتیازاتی دارایی تر، کەچی لەبەرامبەردا  یەکیتی  زیاتر  کورسییەکانی لە دابەزان و گۆران زیاتر لە هەڵکشان دابوو، چونکە  ئەو کات نەیارەکانی دژایەتییان دەکرد، بەڵام ئێستا چونکە هەلپەرستەکان و سودمەندبووەکانی ناوخۆی گۆڕان دژایەتی گۆڕان دەکەن،خەریکە پرۆژەکەی لاهور جەنگی، بەکەمترین  تێچوون دێتەدی  لە سەر لە نوێ گەراندنەوەی هەژموون بۆ یەکیتی و بەقەبارەکردنەوەی ڕەمزی تاڵەبانی، ئەگەر ئەوە بۆ شێخ لاهور، لەناو یەکیەتی دەسکەوتی گەورەبێت و جێگەی شانازیبێت بو حزبەکەی، ئەوا بۆ هەندێ لەو سودمەندبووە بەناو ناڕازیانەی گۆڕان کە لە سایەی گۆران، لە پاسەوانی  بەردەرگا و پەیامنێری تایبەتی سەرکرەدەکان، بوونە خاوەنی ملیۆن دۆلار و هێشتا قسە بە گۆران دەڵێن، شەرمەزاریی و خیانەتێکی گەورەییە دەرهەق بە گۆڕان و خودی نەوشیران مستەفا، کە ناو و رێبازەکەی کوێر دەکەنەوە، بیانەوت یانا، مەبەستیان بێت یانا، بەم ڕەفتارانەیان هیچ  ناکەن، جگە لە دارشەقی ژێر هەنگڵی هەڵسانەوەی لایەنێکی دەسترۆیشتووی ناو دەسەڵات.


540 جار خوێندراوەتەوە