دەبێت لەو راستیە تێبگەین جیاوازی زۆر هەیە
لەنێوان ئەرکی نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی ئیتحادی عیراق و نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی
کوردستان، ئەرکی نوێنەرایەتی کردنی نوێنەری
کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە دۆسیە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، کە لەبنەڕەتدا
ئامانج لێیان پەرەپێدان و بەهێزکردنی قەوارەی
سیاسی هەرێمی کوردستانە لە روی مانەوە و یەکخستنی
گوتاری سیاسی و فراوانکردنی سنورە دانپێدانراوەکەی بۆ سنوری ناوچەدابڕێندراوەکانی،
ئەمە بنەمای یەکەمی یاخود ستراتیژی یەکەمی پەرەپێدانی کیانی سیاسی کوردستانە و هەرچی ستراتیژی دوەمیشە بریتیە لە پارستنی هەرێم لە
ناوخۆ، کە پشت دەبەستێت بە نەهێشتنی گەندەڵی و کارکردن بۆ چاکسازی سیاسی گشتی،
رونتر بڵێین قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەسەر دوو بنەما پتەو دەبێت:-
یەکەم: بنەمای دەرەکی، واتە ئەو رەهەندانەی
پەیوەندیان بە سیاسەتی دەرەکی هەیە، کە ئەوێش پێوستی بە یەکڕیزی و یەکخستنی گوتاری
سیاسی و داواکاری رونی هەموو لایەنەکانە لە ناو چوارچێوەیەکی لێکتێگەیشتی نیشتمانی
دا.
دووەم: بنەمای ناوخۆیی، واتە بەهێزکردنی پایەکانی
حوکمڕانی و یاساییە لەناوخۆی ئیدارەی هەرێم، کە پشت دەبەستێت بە چاکسازی سیاسی و نەهێشتنی
گەندەڵی و شەفافی لەداهات و سەروەت و سامانی گشتی و دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین
و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری لە دەسەڵات و بازاڕو ئابوری.
ئەگەرچی دەستور مافی بە هەموو تاکێکی عێراقی
داوە خۆی کاندید بکات بۆ نوێنەرایەتی گشتی، بەڵام دەبێت ئەو راستییە بزاندرێت نوێنەری
سەربەخۆ و بە تاکەکەسی ناتوانێت نوێنەرایەتی هەرێم بکات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ
سروشتی پێکهاتەی هەرێم لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق، چونکە ئەرکی نوێنەری هەرێمى
کوردستان وەک نوێنەری پارێزگاکانی عێراق نییە، لەبەرئەوەی بەپێى مادەی ١٢١ ی دەستوری عێراق رێگە بە هەرێم
دراوە خاوەنی دامەزراوەی یاسادانانی تایبەت بەخۆی بێت و لەهەمانکاتدا خاوەنی حکومەتی
تایبەتی خۆی بێت، جگە لەوەی مافی پێدراوە خاوەنی هێزی چەکداری وەک پۆلیس وئاسایش و
بەرگری بێت.
کەواتە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی هەموو ئەوانە،
تا لە داهاتو ببێتە بنەمایەک بۆ کیانێکی سەربەخۆتر لەوەی هەیە، ئەم ئەرکانە لە
قودرەت و توانای نوێنەری تاک و سەربەخۆ نییە تەمسیلی کیانی هەرێم بکات، هەروەک چۆن
مەترسییە لایەنێک یا دوو لایەن، بەتەنها نوێنەرایەتی دۆزی گەلی کوردستان بکەن لە بەغدا.
بۆیە لەبری ئەوە باشترە سێ لایەن، یان چەند لایەنێکی نیشتمانی لەناو
قەوارەی گەورە و مام ناوەند نوێنەرایەتی هەرێم
بکەن، بەو مەرجەی جێگیری نیشتمانی هاوبەش کۆیان بکاتەوە.
838 جار خوێندراوەتەوە