بزوتنەوەی
گۆڕان لە وتاری هەفتانەیی خۆیدا كە ئەم هەفتەیە بڵاویكردوە، قەیرانی كۆرۆنای بەقەیرانی
نیشتمانی وەسفكرد و چارەسەرەكەشی بەچارەسەری یەكڕیزی و نیشتمانی دانا و داوا و تكای
لە لایەنەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوەكانی
كۆمەڵی مەدەنیش كرد بەو پەڕی یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری مامەڵە لەگەڵ ئەم فەزاگشتییە
پڕ لە قەیراناویە بكەن.
بەڵام هەمان رۆژ دوو پارتە سیاسییەكەی كوردستان (یەكیتی و پارتی) لە دوو راگەیەنراودا بەزمانێكی
زبر و ئەو پەڕی مەترسیەوە دەربارەی دەستگیركردنی كەسێك بەناوی رۆژگار رزگار كە پێشتر
پاسەوانی وەزیری پێشووی دارایی بووە، وەڵامی
توندی یەكتریان داوەتەوە كە نەك بەپیر داوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەهاتن، بەڵكو دڵەڕاوكێیەكی
ئەوتۆیان خوڵقاندوە، كە بەهیچ جۆریك ڕەچاوی باری ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت كۆمەڵایەتیشیان نەكردوە.
ئەوەش
ئەوە دەردەخات تا ئەم ساتەش هیچ نییەتێكیان
نییە بۆ بەنیشتمانیكردنی هێزە ئەمنیەكان و یەكخستنی گوتاری گشتی هەرێم لەم بارە نالەباردا.
هەرچەندە ئەگەر لە بنەڕەتدا كەیسی لەو جۆرەی رۆژگار رزگار هەبێت، ئەبوایە بەنهێنی بیهێڵدرێتەوە، تا كاتێكی گونجاو و لەبار دەهاتە پێشەوە،
ئەوكات لێكۆڵینەوەیان لێبكردایەتەوە و ئاشكرایان بكردایە، نەك لەم كاتە دژوارەدا
جارێكی تر رق و گرێى لەناو دەروەنی هێزەكانی
ئاسایش و لایەنگرانی یەكتر دروست بكەن و كۆمەڵانی خەڵكیش نائومید بكەن لە
دروستكردنی كەشێكی یەكگرتووی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان.
بۆیە لە
هەڵویستی یەكەم كە لە گوتارەكەی گۆڕان بەدیدەكرێت، هاوارێكە بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵە
پەرتەوازەكەی كورد، كە ڕەنگە بەهۆیەوە لایەنگرانی خۆشی نیگەران بكات بۆ لەم كاتەدا
بەو نەرمییە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدا دەكات، كە سەرچاوەی زۆربەی قەیرانەكانە، كەچی
وێڕای ئەمانە گۆڕان لەدیدی بەرژەوەندی گشتیەوە
داوای دیالۆگی خەڵك و دەسەڵات لەلایەك و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە لایەكی ترەوە دەكات
بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان، بەڵام لە هەڵوێست و راگەیەندراوی دووەم و سێیەمی
ئاسایشی سەر بە پارتی و دەزگای زانیاری سەر بە یەكێتی بەپێچەوانەی بەپیر هاتنەكەی
گۆڕان، هەڵویستێكە بۆ نمایشكردنەوەی خەیاڵی دوو ئیدارەیی و زیندووكردنەوەی دیمەنە قێزەوەبووەكانی
شەڕی ناوخۆ، كە ئەو ڕاستیەی سەلماند تا ئەم ساتەش هیچ ستراتیژێك نییە بۆ دابڕاندنی ئاسایش و هەواڵگری حزبی و بونیادنانی ئاسایشی نەتەوەیی رێكخراوی دامەزراوەیی.
1507 جار خوێندراوەتەوە