بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی کرێکاراندا داوای پێداچوونەوە بە کرێی مانگانە و دابینکردنی سەلامەتیی پیشەیی دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:12 - 01/05/2026
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی یاسای کار و پێداچوونەوە بە کەمترین کرێی مانگانەی کرێکاران دەکاتەوە.


لە پەیامەکەدا هاتووە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای کاری نوێ بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی کرێکاران و دابینکردنی سەلامەتیی پیشەیی، بەڵام هێشتا کرێکاران لەبەردەم ئاستەنگ و مەترسیی گەورەدان. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، کە ئامارە دڵتەزێنەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە کەرتی بیناسازی و سێکتەرەکانی دیکە، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکانی سەلامەتی لە ئاستی پێویستدا نییە.


بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە جدی کار بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری شایستە بکەن، هاوکات دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ کرێکاران بە پێویست دەزانێت، لەگەڵ پێداچوونەوە بە کەمترین کرێی مانگانە کە لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی کرێکاراندا بگونجێت.

گۆڕان پەیامێک ئاراستەی کرێکاران دەکات

لە یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەم ڕۆژە، یادێکە بۆ بیرخستنەوەی قوربانیدان و خەباتی ئەم چینە بەرهەمهێنەی کۆمەڵگەی کوردستان، دەرفەتێکیشە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی کرێکاران و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان.

لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای دەرکردنی یاسای کاری نوێ، بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی کرێکاران و دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی، بەڵام هێشتا کرێکاران لەبەردەم ئاستەنگ و مەترسی گەورەدان، ئامارە دڵتەزێنەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە کەرتی بیناسازی و سێکتەرەکانی دیکە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ساڵانە دەیان کرێکار بوونەتە قوربانی، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، کە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکانی سەلامەتی لە ئاستی پێویستدا نیە.

وەک بزوتنەوەی گۆڕان، جەخت لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی یاسای کار دەکەینەوە، بەتایبەتی لە بواری سەلامەتی پیشەیی و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ کرێکاران. داواکاریشین حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جیدی کار بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کاری شایستە بکەن، لەگەڵ پێداچوونەوە بە کەمترین کرێی مانگانە، کە لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی کرێکاران بگونجێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
١ی ئایاری ٢٠٢٦

44 جار خوێندراوەتەوە