ئێران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێ دەگەیەنێتە ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 27/04/2026
جیهان
+
-

لە ڕێگەی ناوبژیوانانی پاکستانەوە، ئێران پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە بەرامبەر دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر.

 

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسان و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، پێشنیازە نوێیەکەی ئێران هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی لەناو سەرکردایەتیی ئێراندا هەن سەبارەت بە پێدانی سازشی ئەتۆمی و داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان تاوتوێی ئەم پێشنیازەی کردووە کە تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا وەک هەنگاوی یەکەم.

 

بەپێی پێشنیازەکە، ئاگربەست بۆ ماوەیەکی درێژخایەن درێژدەکرێتەوە یان ڕێککەوتن دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی هەمیشەیی، بەڵام دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێ ناکەن تاوەکو گەرووی هورمز نەکرێتەوە و گەمارۆکان هەڵنەگیرێن.

 

هەرچەندە ناوبژیوانە پاکستانییەکان پێشنیازەکەیان داوەتە کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا واشنتۆن ئامادەیە تاوتوێی بکات یان نا.

 

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی چەقبەستوویی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و بڕیاردان لە خشتەی هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگەکە.

 

 لە بەرامبەردا، وتەبێژێک بەناوی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە: "ئەمانە گفتوگۆی دیپلۆماسیی هەستیارن و ئەمریکا لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دانوستان ناکات."، جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن خاوەنی بڕیارە و تەنها ڕێککەوتنێک دەکات کە لە بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکادا بێت، هەروەها هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

3483 جار خوێندراوەتەوە