سێنتکۆم داوای
جێگیرکردنی موشەکی هایپەرسۆنیکی دارک ئیگڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ترەمپ و
فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاش چەند بژاردەیەکی سەربازی لە دژی ئێران تاوتوێ
دەکەن.
فەرماندەیی
ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بە وەزارەتی جەنگ
(پێنتاگۆن) کردووە بۆ جێگیرکردنی موشەکە خێراتر لە دەنگەکانی جۆری "دارک ئیگڵ" (Dark Eagle) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ جووڵەی
سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی بالیستیی ئێران دێت بۆ قووڵایی خاکەکەی، کە لە ئێستادا لە
دەرەوەی مەودای موشەکە مامناوەندەکانی ئەمریکان.
بەپێی
ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ"، موشەکی "دارک ئیگڵ" کە
مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە دوو 3 و 500 کیلۆمەتر و خێراییەکەی پێنج هێندەی خێرایی
دەنگە، توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئامانجە هەستیارەکان لەناو ببات
و نرخی هەر مووشەکێک دەگاتە 40 ملیۆن دۆلار.
ئەگەر پێنتاگۆن
ڕەزامەندی بدات، ئەمە دەبێتە یەکەمجار لە مێژوودا کە ئەمریکا موشەکی
"هایپەرسۆنیک" لە ناوچەیەکی ئۆپەراسیۆنیدا بەکاربهێنێت.
جێگیرکردنی ئەم
موشەکانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی توندی داوە و بە
بڵاوکردنەوەی وێنەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە "زریانەکە بەڕێوەیە".
هاوکات ماڵپەڕی
"ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، هەر ئەمڕۆ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا
کۆمەڵێک بژاردەی هێرشکردنە سەر ئێران دەخەنە بەردەم ترەمپ.
پلانەکان ئەنجامدانی هێرشی "کورت و
بەهێز" بۆ سەر ژێرخانەکان، کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز بۆ دووبارە
کردنەوەی، و تەنانەت ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخۆ دەگرن.
135 جار خوێندراوەتەوە