قەرەیلان: پرۆسەی ئاشتی راگیراوە

KNN : Kurdish News Network
12:32 - 30/04/2026
کوردستان
+
-

فەرماندەیەکی باڵای سەربازی پەکەکە ئاشکرای دەکات، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەستێندراوە و دوو مەرجیش بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەکە دەخاتەڕوو.

 

موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: دەسەڵاتی تورکیا بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی هیچ هەنگاوێکی روونی نەناوە و بەردەوامە لە سەپاندنی ئیرادەی تەسلیمکردن، هەربۆیە پرۆسەکە وەستێندراوە.

 

روونیشیکردەوە: دوایین جار لە 27 ی ئادار شاندێکی دەوڵەتی تورکیا و دەم پارتی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان کردووە و دیدارێکی تێر و تسەلیان ئەنجامداوە و ئەوەش هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام هێندەی درکی پێکراوە، ئەو بابەتانەی لەو دیدارەدا خراونەتەڕوو و ئەو ئەنجامانەی دوای ئەوە هاتنە ئاراوە، وای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە، کە پرۆسەکە هەڵپەسێرن و رایبگرن.

 

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد، کە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسە راگیراوەکە، دەبێت یەکەم رێگە لە بەردەم ئۆجەلان بکرێتەوە بە تەواوەتی رۆڵی خۆی بگێرێت و دواتریش هەنگاو و رێکاری یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و چارەسەری پرسی کورد بگیرێتەبەر.

 

دوای ئەوەی ساڵی رابردوو عەبدوڵا ئۆجەلان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند، لەلایەن حزبەکەیەوە هەردوو هەنگاوەکە نران، بەڵام بەرپرسانی کورد بەردەوام باس لەوەدەکەن ئەنقەرە ئەرکەکانی خۆی لەو پرۆسەدا بەجێنەگەیاندووە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەنقەرە پرۆسەکە وەک "تورکیای بێ تیرۆر" ناودێر دەکەن و لە رۆژانی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە، دەست بە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە بکرێت.

340 جار خوێندراوەتەوە