ئێران پێشنیازێکی نوێی ئاشتی پێشکەش دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 01/05/2026
جیهان
+
-

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە پاکستانییەکانەوە بڵاویکردەوە، پێدەچێت ئەمڕۆ هەینی ئێران پێشنیازێکی هەموارکراوی ئاشتی پێشکەش بکات، نێوەندگیرەکانیش چاوەڕوانی وەڵامێکی نوێ دەکەن دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتی کردەوە پڕۆژەی پێشوویان قبوڵ بکات.


سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای بەردەوامیی تەمومژ لە پرۆسەکەدا، بەڵام ئاماژەکانی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەردەکەون. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان وەک نێوەندگیری فەرمی بۆ گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن دەمێنێتەوە.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چاوەڕوانکردنی ئەنجامی خێرا لە دانوستانەکاندا واقیعی نییە، بەڵام تاران هەوڵدەدات بگاتە ڕێگەیەک کە لەڕێیەوە کۆتاییهاتنی مەترسییەکانی جەنگ بەتەواوی مسۆگەر بکرێت.


لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران بە سەختی ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات لەگەڵ ئەمریکا"، پێشی وایە ئێرانییەکان لە پێگەی لاوازییەوە دانوستان دەکەن و سەرکردایەتی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.


ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە نوسینگەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "گەمارۆکان ئێرانیان خنکاندووە و بەهۆیەوە هیچ داهاتێکی نەوتییان دەستناکەوێت، ئابووریی ئێرانیش لە داڕماندایە."


سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەیان هەیە چونکە کەس نازانێت سەرکردەکانی ئێران کێن، وتیشی: "ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ڕیزی سێیەم دەکەین لە ئێران دوای ئەوەی سەرکردەکانی ڕیزی یەکەم و دووەم کوژراون." هەروەها دووپاتیکردەوە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و ڕایگەیاند: "ڕەنگە ئێران تۆزی ئەتۆممان ڕادەست بکات.. بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە تۆزە ئەتۆمییەکە بەدەست دەهێنین."

54 جار خوێندراوەتەوە