ڕۆژنامەیەکی
ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، چین فشارەکانی بۆ سەر ئێران توندتر کردووەتەوە و
هۆشداریی داوە لە بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز، هاوکات دژی هەر جۆرە
نزیکبوونەوەیەکی ئابوورییە لە نێوان تاران و واشنتن لە کەرتی وزەدا.
ڕۆژنامەی
ئیسرائیل هیوم لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە، پەکین
لە گفتوگۆی نهێنیدایە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ ئەوەی نەرمی زیاتر لە
دانوستانەکاندا بنوێنن و هەڵوێستەکانیان بگۆڕن.
هەروەها پەکین
هۆشداریی داوەتە تاران ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، ئەوا چین بەدوای
سەرچاوەی جێگرەوەی وزەدا دەگەڕێت و، لەوانەشە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی
نێوان هەردوو وڵات هەڵپەسێرێت.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چین بەتوندی دژی ئەو پێشنیازەیە کە گوایە ئێران
داویەتییە ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە نۆژەنکردنەوەی
ژێرخانی نەوت و غازی وڵاتەکەیدا، و داوای لە سەرکردەکانی ئێران کردووە ڕێگە نەدەن
ئەمریکییەکان جارێکی دیکە جێپێی خۆیان لە پیشەسازیی نەوتدا بکەنەوە.
بۆ جێگیرکردنی
ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکانیش، چین لە پاڵ پاکستاندا کار لەسەر پلانێکی
پێنج خاڵی دەکات. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، چین لە کاتێکدا هەوڵی ڕێگریکردن
لە پێكدادانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران دەدات، لە هەمان کاتدا زۆر نیگەرانە
لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی و ئەگەری ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی
ئابووریی نێوان تاران و واشنتن.
153 جار خوێندراوەتەوە