حکومەتی عێراق هۆکاری کەمبوونەوەی دۆلاری نەختینە لە بازاڕەکاندا بۆ سستی گەشتە ئاسمانییەکان دەگەڕێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
04:02 - 22/04/2026
عێراق
+
-

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیران: وەستانی لێشاوی دۆلاری نەختینە بۆ عێراق کاتییە و پەیوەندی بە گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەیە

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند؛ ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی لێشاوی دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ عێراق دەکەن، تەنها پەیوەندییان بە بەشێکی زۆر کەمەوە هەیە کە لە 5٪ ی کۆی داواکارییەکان تێپەڕ ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی دابینکردنی دارایی بۆ بازرگانی دەرەکی بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ پچڕان بەردەوامە

 

مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لە نێوان "دۆلاری نەختینە" (کاش) کە بۆ گەشتیاران تەرخان دەکرێت، لەگەڵ ئەو دۆلارەی بۆ "دارایی بازرگانی دەرەکی" لە ڕێگەی حەواڵە و سیستەمی بانکی جیهانییەوە خەرج دەکرێت

 

 

ئاشکراشی کرد، ئەوەی لە هەندێک ناوەنددا وەک وەستانی لێشاوی دۆلار وێنا دەکرێت، تەنها پەیوەستە بەو دۆلارە کاشەی بۆ گەشتیاران دابین دەکرێت، ئەویش بەهۆی هۆکارە لۆجیستییەکان و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخرانی فڕۆکەخانەکان لە ناوچەکەدا تووشی سستی بووە، نەک کێشەی سیاسەتی نەختینەیی

 

 

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، 95٪ ی داواکارییەکان لەسەر دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە و ئەو پرۆسەیە بەبێ هیچ گرفتێک لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەڕێوەدەچێت. وەک چارەسەریش بۆ کێشەی نەختینە، داوای لە گەشتیاران کرد پەنا بۆ کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی ببەن بۆ ئەوەی کەمتر پێویستیان بە دۆلاری کاش هەبێت.

148 جار خوێندراوەتەوە