شەپۆلێکی بەهێزی 3 رۆژەی باران بەڕێوەیە و مەترسی لافاو هەیە

KNN : Kurdish News Network
12:38 - 25/03/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی باس لەوەدەکات، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە ماوەی 3 رۆژ دەخایەنێت و لە چەند ناوچەیەک ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و پێشبینی دەکرێت لەو ماوەیەدا تا 100 ملم باران ببارێت.

 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند: سبەی پێنج شەممە ئاسمان بە زۆری هەوری تەواو ئەبێت لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە لە کات و شوێنی جیاجیادا ئەگەری چالاکبوونی تاوە بارانی مامناوەندی پچر پچر و هەورە بروسکە ئەبێت بۆ ناوچەکانی باشور و خۆرئاوای گەرمیان و سنوری پارێزگای کەرکوک رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت.

 

باسی لەوەشکردووە: " لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27/3/2026 کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاکتر ئەبێت و لێزمە بارانی پچر پچر تەواوی ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و کە بەشێوەیەکی بەهێزتر بارانەکە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک ئەبێت و ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و تەرزە بارین ئەبێت".

 

لەو رووەشەوە ئەو کەشناسە هۆشداری داوە بە  دانیشتوانی هەردوو سنورەکە کە "ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو لە چەم و دۆڵ رێرەرەوەکانی ئاودا ئەبێت و پێویستە وریا و ئاگاداربن چوونکە لەماوەی رۆژانی رابردوودا بارانێکی زۆر باریوە خاک کەمتر ئاو هەڵدەمژێت زۆربەی ئەو بارانانەی کە لەداهاتوودا ئەبارێت زیاتر ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو".

 

سەبارەت بە رۆژی هەینیش ئاماژەی بەوەکردووە: بە درێژایی کاتەکان کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی ئەبێت بە بارانی رێژە مامناوەندی پچر پچر و بارینی بەفریش لە لوتکەی شاخە بەرزەکان و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما ، وە لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رێژەی باران زیاتر ئەبارێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکە و هەندێک کات لێزمە باران ئەبێت".

 

دەربارەی کەشوهەوای رۆژی شەممە 28-3-2026 ئاراس جەبار رایگەیاندووە: " کاریگەری شەپۆلی بارانبارینەکە لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و کەرکوک و هەولێر و ئیدارەی گەرمیان لاواز ئەبێت و تەنها نمە بارانی پچر پچر ئەمێنێتەوە لەهەندێک کات و شوێندا بەڵام لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان بارانی مامناوەندی پچر پچر لەزۆربەی کاتەکان بەردەوامی ئەبێت ."

 

بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی سێ رۆژی شەپۆلەکە:

 

سنوری پارێزگای سلێمانی 60 - 100 ملم

 

سنوری پارێزگای هەڵەبجە 80 - 100 ملم

 

سنوری پارێزگای کەرکوک 60 - 80 ملم

 

سنوری ئیدارەی گەرمیان 80 - 120 ملم

 

سنوری پارێزگای هەولێر 40 - 60 ملم

 

سنوری پارێزگای دهۆک 40 - 70 ملم

 

سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین 50 - 80 ملم

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی پێیوایە: "ئەمە کۆتا شەپۆل نابێت و هەفتەی داهاتووش شەپۆلی نوێی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و بۆ رۆژەکانی سەرەتای مانگی داهاتووش ئەم سیستەمە باراناوییە بەردەوامی ئەبێت کە تا ئێستاش دیار نیە کەی بەتەواوی بۆ ماوەیەک کەش جێگیر ئەبێتەوە".

3204 جار خوێندراوەتەوە