مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەرگرتنی پۆستی باڵایان لە دیمەشق رەتکردەوە

KNN : Kurdish News Network
12:48 - 18/04/2026
کوردستان
+
-

هەریەک لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی کاتیی و وەزیری دەرەوەی سوریا لە دیمەشق کۆبوونەوە پێشنیازی وەرگرتنی دوو پۆستی باڵایان رەتکردەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەلمۆنیتەر لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەدا پێشنیازی ئەوە کرابوو کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ببێتە جێگری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بەڵام ئەو فەرماندە کوردە پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.

 

هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازکرابوو کە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ببێتە راوێژکاری وەزیری دەرەوە، بەڵام ناوبراویش ئەو پێشنیازەی رەتکردبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و زیاد عایش نێردەی سەرۆکی کاتیی سوریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە ئامادەی بوون، پرسی تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکخستنی دامەزراوەکان تاوتوێ کرابوو.

 

لە دوای راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ژمارەیەک کەسایەتی کورد پۆستی باڵایان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سوریا وەرگرتووە.

138 جار خوێندراوەتەوە