دەستشکاندنەوەی ئێران و ئەمریکا لە بەغدا توندتر دەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
02:55 - 20/04/2026
عێراق
+
-

بە پێی چەند سەرچاوەیەک ئەمریکا ناردنی دۆلار بۆ عێراقی تا دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ راگرتووە و ئێرانیش لەبارەی دەستوەردان لەو پرسە هۆشداری دەدات.

 

لایەنە شیعەکانی عێراق هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی دیاریکردنی کاندیدێک بە سازان و بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدەن.

 

ئێران و ئەمریکا وەک دوو یاریکەری سەرەکی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەم وێستگەدا لە بەرژەوەندی خۆیان پرسەکە یەکلابکەنە و دەستی ئەویتر کورتبکەنەوە.

 

کەناڵی حەدەس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا ناردنی دۆلار بۆ عێراقی راگرتووە، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت.

 

پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا وێڕای ئەوەی هۆشداری بە هاووڵاتیانی لە عێراق و هەرێم دابوو کە گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران پلانی هێرشیان لە دژی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە، رەخنەی توندی لە هەندێک لایەنی حکومی عێراقی گرتبوو، بەوەی پشتیوانی دارایی و سیاسی ئەو گروپانە دەکەن.

 

لەو رووەشەوە وەک سەرچاوەکانی حەدەس باسیان کردووە، تا کاتی ئاشکراکردنی ئەو گروپە هێرشبەرانە، هاوکاریی و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ بەغدا رادەگرێت.

 

لەلایەکی ترەوە چەند رۆژێک بوو بە گەرمی باس لە سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەکرا بۆ عێراق، بە مەبەستی یەکخستنی لایەنە شیعەکان لە پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، بەڵام ناوبراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکەی باسی لەوەکردووە، کە ئامانجەکەی تەنیا گەیاندنی سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بووە بۆ عێراقییەکان لە پای پشتیوانی و هاوسۆزییان لەگەڵ ئێرانییەکان لە شەڕی ئەم دواییەدا.

 

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران رەتیکردووەتەوە کە هیچ دەستوەردانێک بکەن و جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی عێراقییە و هیچ کەسێک بە تایبەتی "تاوانبارانی دژی مرۆڤایەتی" بۆیان نییە دەستوەردانی تێدا بکەن.

37 جار خوێندراوەتەوە