دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لیستێکی سێ کەسیی لەبەردەستدایە بۆ گرتنەدەستی سەرکردایەتی ئێران لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، جەختیشیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکان بەردەوام دەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کرد: "سێ کاندیدی زۆر باشم بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران هەیە"، بەڵام ئامادە نەبوو لە ئێستادا ناوەکانیان ئاشکرا بکات و ڕایگەیاند، سەرەتا دەبێت ئەرکە سەربازییەکە تەواو بکەن و دواتر ناوەکان ڕادەگەیەنێت.
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە سەدان ئامانجیان پێکاوە، لەوانە دامەزراوەکانی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، نۆ کەشتی و بارەگایەکی سەرەکیی هێزی دەریایی ئێران. ترەمپ داوای لە سوپای پاسداران، ئەرتەش و پۆلیسی ئێران کرد چەکەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی پارێزبەندییان پێ بدرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی "مەرگی حەتمی" دەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا پشتڕاستکردەوە و پێشبینی کرد لە چوار هەفتەی داهاتوودا کە شەڕەکە بەردەوام دەبێت، زیانی گیانیی زیاتر لە ڕیزەکانی هێزەکانیاندا هەبێت. هاوکات داوای لە گەلی ئێران کرد ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەکەیان و وتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵتان وەستاوە."
6311 جار خوێندراوەتەوە