حکومەتی هەرێم داوای زیاتر لە 22 ترلیۆن دینارلە عێراق دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:29 - 25/02/2026
کوردستان
+
-

حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاری درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی قەرزی هاتوچۆی دا و دەشڵێت داهاتیش زۆر دابەزیوە و داوای زیاتر لە 20 ترلیۆن دیناریش لە عێراق دەکات.

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و تەوەرەکانی موچە و یەکخستنی پێشمەرگە و لێخۆشبوونی هاتوچۆی تاوتوێکرد.

پاش کۆبوونەوەکە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی وادەی لێخۆشبوونی %20ـی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ تاوەکوو 30 حوزەیرانی 2026.

پێشەوا هەورامانی وتیشی، لە 23ـی ئەم مانگەوە نووسراوی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوویان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە کراوە کە داهاتی ناوخۆ فشارێکی زۆری لەسەرەو بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بە تایبەت داهاتی گومرگەکان بە رێژەی %60 کەم بووەتەوە.

پێشەوا هەورامانی لەبارەی پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، ڕایگەیاند: لەگەڵ حکوومەتی ئێستای فیدراڵ تەنیا دەتوانین لەبارەی مووچەوە گفتوگۆ بکەین، بەڵام لە داهاتوودا حکوومەتی نوێی فیدراڵ پێکبهێنرێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشە بودجە و شایستە داراییەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، چونکە مافی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا 22 ترلیۆن دینارە، دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ، ئێمە داوای ئەم مافە داراییەی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا بۆ پێدانی مووچە پێویستی بە 14 ترلیۆن دینارە.

هاوکات وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، چاکسازییەکان هەنگاوی باشییان بڕیوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر ڕەوتێکی دروست قۆناغەکانی دەبڕێت....

38 جار خوێندراوەتەوە