کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنفرانسەکەی 16ی مانگی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندکرد

KNN : Kurdish News Network
04:11 - 24/02/2026
کوردستان
+
-

بزووتنەوەی گۆڕان سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکەی لە فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی سەر بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو کرد و لەلایەن کۆمسیۆنەوە بە فەرمی پەسەندکرا.

 

ڕۆڤان سەروەت، ڕێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکیدا بۆ کەی ئێن ئێن ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە ١٦ی شوباتدا بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی دامەزراندنی لە شاری کەرکووک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا، وەفدێکی باڵای بزووتنەوەکە بە سەرپەرشتی ڕێکخەری گشتی، سەردانی فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان لە بەغدا کرد."

 

ئاماژەی بەوەش کرد، لەم سەردانەدا سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواو کران و پەیڕەوی ناوخۆ (دەستووری ناوخۆیی) بزووتنەوەکە کە لە کۆنفرانس دەنگی لەسەر درابوو، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسەند کرا و بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی مۆڵەتی یاسایی بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەرگرتەوە.

 

سەبارەت بە مافی بەشداری لە پرۆسە سیاسییەکان، ڕێگەپێدراوە یاساییەکەی گۆڕان جەختی کردەوە کە ئێستا بزووتنەوەکە وەک هەر پارتێکی تری فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، مافی تەواوی هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکات.

 

ڕۆڤان سەروەت ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەکە ساڵێکی سەختی بەهۆی کێشە یاسایی و ململانێ ناوخۆییەکانەوە تێپەڕاندووە، بەڵام ئێستا قۆناغی خۆنوێکردنەوە دەستی پێکردووە.

 

وتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بە بەرنامە و پڕۆژەیەکی نوێوە، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، خۆی لەگەڵ خواستەکانی خەڵک بگونجێنێت. دەرگای بزووتنەوەکەش واڵایە بۆ هەموو ئەو گۆڕانخوازانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە هەر هۆکارێک دڵگران بوون یان دوورکەوتوونەتەوە، چونکە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوەیەن."

77 جار خوێندراوەتەوە