بەقائی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و بە درۆزن و خەیاڵاویی ناوی دەبات

KNN : Kurdish News Network
10:57 - 25/02/2026
جیهان
+
-

ئیسماعیل بەقائی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە سەبارەت بە توانای تاران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی کیشوەربڕ و قسەکانی بە درۆ و خەیاڵاویی ناودەبات و دەڵێت ئێران نیازی وەهای نییە.

 

هەواڵ:KNNC

 

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وتی کە ئێران دەیەوێت موشەکێک دروستبکات بگاتە ئەمەریکا، ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەواوی قسەکانی ڕەتکردەوە و وتی ترەمپ خەیاڵ دەکات و سیاسەتی درۆبکە درۆبکە تا باوەڕت پێدەکەن پەیڕەودەکات.

 

ئیسماعیل بەقائی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی: “درۆزنە پیشەگەرەکان پسپۆڕییەکی تایبەتیان لە دروستکردنی “ڕاستی خەیاڵاویی”دا هەیە، درۆیەک ئەوەندە دووبارە بکەرەوە تا شێوەی ڕاستی وەربگرێت؛ ئەمە ئەو ڕێسایەیە کە لەلایەن جۆزێف گۆبڵز، وەزیری زانیاری ئەڵمانیای نازی و ڕاوێژکاری هیتلەر داهێنرا و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنرا."

 

وتیشی: “ئەم ڕێسایە ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەریان، بەتایبەت ڕژێمی جینۆسایدکاری ئیسرائیل، بۆ پێشخستنی کەمپەینێکی شەیتانیی بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ و چەواشەکارانە دژی گەلی ئێران بەکاردەهێنرێت”.

 

بەقائی ڕاشیگەیاند، ئەوەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، مووشەکی بالیستی کیشوڕبڕەوە باسدەکرێت تەنها درۆی بێبنبەما و دووبارەبووەوەن و هیچ ڕاستییەکیان تێدانییە نابێت کەس بەو جۆرە درۆیانە هەڵبخەڵەتێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئێرانییەکان هەر لەم ساتەدا مووشەکێکیان دروست کردووە کە دەتوانێت ئەوروپا بکاتە ئامانج، و بەم زووانەش مووشەکێک دروست دەکەن کە بتوانێت ئەمریکا بکاتە ئامانج و بگانت نێو خاکی ئەمەریکا....

136 جار خوێندراوەتەوە