​ یەکێتی ئەوروپا لە دیمەشقەوە هۆشداری توند دەدات

KNN : Kurdish News Network
12:56 - 09/01/2026
جیهان
+
-

لە یەکەم سەردانی باڵایاندا بۆ دیمەشق دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشو، شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان گەیاندە ئەحمەد شەره‌ع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا. شاندەکە بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە هەر جۆرە پشتگیرییەکی دارایی و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە، بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب و گەرەنتیکردنی مافی کەمینەکان

 

هەواڵ:  KNN

ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە کۆبونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، نیگەرانی قوڵی یەکێتییەکەی دەربڕیوە سەبارەت بەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی ماوەی چوار ڕۆژە گەڕەکەکانی (شێخ مه‌قسود و ئەشرەفیە)ی لە شاری حەڵەب کردوەتە ئامانج

 

ڤۆندەر لاین جەختی کردووەتەوە کە  کلیلەکانی سندوقی هاوکاری ئەوروپا بۆ سوریای نوێ لە دەستی حکومەتی ڕاگوزەردایە، بەڵام تەنها بە مەرجی ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی کوردەکان و پێکهاتەکانی تر دەکرێنەوە

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، هۆشداری داوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لە دوبارەبوونەوەی سیناریۆکانی چەوساندنەوە ناکات. کۆستا ڕایگەیاندووە:  سوریای نوێ نابێت لەسەر وێرانەی گەڕەکە کوردییەکان بونیاد بنرێت. دۆخی حەڵەب تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی نوێ تا بسەلمێنێت کە ئایا دەتوانێت ببێتە نوێنەری هەموو سورییەکان یان تەنها گۆڕینی ناوەکانە لە چوارچێوەی هەمان عەقڵییەتی پێشوودا

 

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی گەورەی هاوکاری ئابوری ئامادە کردوە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی سوریا، بەڵام واژۆکردنی کۆتایی لەسەر ئەو پاکێجانە ڕاگیراوە. ئەوروپییەکان داوایان کردووە کە دەبێت  هێزە چەکدارەکان دەستبەجێ لە دەوروبەری ناوچە کوردییەکان بکشێنەوە  و گەرەنتی بدرێت کە کوردەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە هاوکێشەی سیاسی و کارگێڕی وڵات دەمێننەوە

 

ئەم فشارە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، کە شەقام و لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانی هەڵوێستی کرداریی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ و هێرشانەی کە ماوەی چوار ڕۆژە حەڵەبی ڕوبەڕووی مەترسییەکی مرۆیی کردوەتەوە. ئێستا دیمەشق لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان پابەندبون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەدەستهێنانی ملیارەها دۆلاری ئەوروپی، یان بەردەوامبوون لە ئاڵۆزییەکان و مانەوە لە گۆشەگیرییەکی نوێی نێودەوڵەتیدا.

808 جار خوێندراوەتەوە