ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، بەیاننامەیەکی
بەپەلەی سەبارەت بە توندبونی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود بڵاوکردەوە و حکومەتی
دیمەشقی بە داڕشتنی پلانێکی تاوانکاری پێشوەختە بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی تۆمەتبار کرد
هەواڵ: KNN
بەگوێرەی بەیاننامەکە،
بەناو وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق نەخشەیەکی نوێی بڵاوکردوەتەوە کە
تێیدا ئەو شوێنانە دەستنیشانکراون کە بۆردومان دەکرێن. ئەوەی بوەتە جێی نیگەرانی و
هۆشداری، ناوی نەخۆشخانەی مەدەنی خالید فەجر
لە ناو نەخشەی ئامانجەکاندایە، کە لە دوێنێوە تا ئێستا چوار جار لەسەریەک لەلایەن
تۆپخانەکانەوە کراوەتە ئامانج
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردوە، خستنەڕوی دامەزراوەیەکی پزیشکی مەدەنی لەسەر
نەخشەی ئامانجە سەربازییەکان و ڕاگەیاندنی بە ئاشکرا، بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و بەڵگەدارە
لەسەر هەبونی مەبەستی تاوانکاری پێشوەختە. ئەمە تاوانێکی جەنگی تەواوە و پێشێلکردنی
ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، کە بە هەمو شێوەیەک بەئامانجگرتنی ناوەندە تەندروستییەکان
قەدەغە دەکات
لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا
هاتوە کە حکومەتی دیمەشق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی
بە تەواوی بەرپرسیارن لە هەر زیانێکی گیانی کە بەر خەڵکی مەدەنی بکەوێت یان هەر وێرانکارییەک
کە ڕوبەڕووی کەرتی تەندروستی و ژێرخانی شارەکە ببێتەوە
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا،
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی
مافی مرۆڤ کرد، کە ئەم نەخشە و ڕاگەیاندنانەی دیمەشق وەک بەڵگەی یاسایی وەربگرن بۆ پلاندانانی پێشوەختە بە
مەبەستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و گرتنەبەری ڕێوشوێنی
پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییە قورسانە
453 جار خوێندراوەتەوە