سێپان حەمۆ: هەسەدە پاڵپشتی
بڕیاری ئەنجومەنی شێخ مەقسوود دەکات
سێپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی
گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە بڕیاری مانەوە و پاراستنی
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بڕیارێکی سەربەخۆ و جەماوەریی
ئەنجومەنی گەل و هێزەکانی ئاسایشە و هەسەدەش بە هەمو شێوەیەک پاڵپشتی لەو ئیرادە مەدەنییە
دەکات
سێپان حەمۆ لە لێدوانێکی
تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (Nûmedya24) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجومەنی
گەلی شێخ مەقسوود و هێزەکانی ئاسایش بڕیاریان داوە لە گەڕەکەکانیاندا بمێننەوە و
ئاسایشی ناوچەکە بە دەستی خۆیان دابین بکەن. ئێمە وەک فەرماندەیی هەسەدە، پشتگیری
لەم بڕیارەیان دەکەن کە لەسەر بنەمای ئیرادەیەکی ئازاد دراوە
حەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا
تیشکی خستە سەر دۆخی یاسایی و سەربازیی ئەو دو گەڕەکە و وتی: بەپێی ڕێککەوتنی 1 ی
نیسان کە پێشتر لەگەڵ دیمەشق کرابو، هێزەکانی هەسەدە لەو دو گەڕەکەدا بونیان نییە.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، پاراستنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی
ناوخۆ کراوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی دیمەشقیش پێشتر ئەمەی پەسەند کردبوو
ئەندامەکەی فەرماندەیی
گشتی هەسەدە ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی سەر بە دیمەشق گرت و وتی: ئەو
گەمارۆ و هێرشە قورسە سەربازییانەی کە بە تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە
سەر گەڕەکەکان، پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕێککەوتنی 1 ی نیسانە. جیهان شایەتی ئەوەیە کە
گەلەکەمان و هێزەکانی ئاسایش لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەرگرییەکی بێوێنەیان کردوە
و پاشەکشەیان نەکردوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا،
سێپان حەمۆ داوای لە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی سووریا کرد کە خوازیاری ئازادین،
پشتیوانی لە خۆڕاگریی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن. حەمۆ جەختی کردەوە:
ئەم بڕیارە بە دەسپێشخەرییەکی ئازادانەی خودی شێخ مەقسوود دراوە. ئەمڕۆ ڕۆژی
پاراستنی شەرەف و کەرامەتە و پێویستە هەموان لە دەوری ئەم بەرگرییە کۆببنەوە
435 جار خوێندراوەتەوە