بەدەواداچوونەکانی کەی ئێن ئێن شەش پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی داخست

KNN : Kurdish News Network
03:30 - 06/11/2025
کوردستان
+
-

لەپاش بەدواداچوونەکانی کەی ئێن ئێن قائیمقامییەتی سلێمانی شەش پاڵاوگەی نایاسایی داخست و ژمارەیەک تۆمەتباریش دەستگیرکران.

 

هەواڵ:KNNC

پاش بەدواداچوونە مەیدانییە چڕ و بەردەوامەکانی کەی ئێن ئێن قائیمقامییەتی سلێمانی بڕیاری داخستنی شەش پاڵاوگەی نایاسایی دا و لە ڕاگەیاندراوێکیشدا ڕایگەیاند: بە هاوکاری تیمی ئاساییسی زڕگوێز، پاڵاوگەکان داخراون و خاوەنەکانیشیان ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاسایی دەکرێنەوە.


قائیمقامییەت ئاماژەی بەوەداوە، تەواوی ئەو پاڵاوگانەیان بەسەرکردوەتەوە کە بە نایاسایی کاردەکەن و بەپێی یاسای پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەن کە نایاسایین و تێزاب بەکاردەهێنن و هۆکارن بۆ پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە.


لەبارەی کەسانی تۆمەتباریش قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، بە هاوکاریی تیمەکەی ئاساییش 12 کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەپێی ڕێکارەکان بەردەوامە.


قائمقامییەت دڵنیایی داوە لە بەردەوامیی هەڵمەتەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان و ڕایگەیاندوە، تەواوی شوێنکارە نایاساییەکان دادەخرێن و خاوەنکارەکانیش ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاسایی دەکرێنەوە...

172 جار خوێندراوەتەوە