فەرماندەیەکی هەسەدە دەڵێت: کورد بە تەواوەتی پابەندی
ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڵام ئەوان بەڵێنەکانیان نابەنە سەر و پێیان وایە
یەکگرتن سڕینەوەی ناسنامەیە، کورد باش دەزانێت شەڕ لەکوێ سەرهەڵدەدات و ئامادەی
هەموو شتێکە.
هەواڵ:KNNC
سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای
دیموکرات-هسەدە ڕایگەیاند: بەتەواوەتی پابەندن بە ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا، هەسەدە
ئارەزوومەندانە ڕێککەوتنی کردوە و ئامانجی سەرکردایەتی بووە نەک هۆکاری دیکە هەبووبێت.
وتیشی، کورد دەیەوێت بە ئامانجەکانی خۆیەوە لە چوارچێوەی
سوریادا بێت بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆبگرێت و ببێتە بەشێک لە بەڕێوەبەریی وڵاتەکە
بەپێکەوەژیان و یەکسانیی و دەستەبەری مافی هەمووانەوە، بەڵام حکومەتی سوریا بە
هەڵە لەبابەتی یەکگرتن و پێکەوەیی تێگەیشتوە و وا دەزانن سڕینەوەی ناسنامە
یەکگرتنە.
سیپان حەمۆ: ئێمە ئامادەی هەموو ئاڵنگاریی و
ڕووبەڕووبوونەوەیەکین و پرسی تێکەڵبوونمان بە سوپا بەستراوەتەوە بە ئاستی
دیموکراسییەت لە سوریا.
سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوەشدا، کورد جوداخوازیی ناوێت و
ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن ئامانجی دیکەیان هەیە، ئەوە حکومەتی سوریایە بەبێ
ڕاوێژکردن بە کورد و هەسەدە حکومەتی پێکهێنا، لە 1ی نیسان لەبارەی حەلەب ڕێککەوتین
کە ئێمە بکشێینەوە و بەڕێوبەرییەکی خۆجێی بۆ ناوچەکە پێکبێت و خۆیان بپارێزن، دواتر حکومەت ڕێککەوتنی شکاند و قسەکانی وەک درۆی نیسان بوون، ئێستاش بەشێکی ڕێگەکانیان
بەڕووی هاووڵاتییان داخستوە، بۆیە ئێمە مافی خۆمانە لەڕووی سەربازییەوە هەر
ئامادەکاریی و چالاکییەک بکەین بۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵکی خۆمان.
لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندە کوردەکە وتی، کورد و
هەسەدە ئەزموونیان لەگەڵ هەژمونگەرایی و شەڕ هەیە و باش دەزانن کەی و بۆ شەڕ
سەرهەڵدەدات، هەمیشەش دەرگای گفتوگۆ کراوەیە، بە مەرجی مسۆگەرکردنی مافی مافی
تەواوی پێکهاتەکان...
354 جار خوێندراوەتەوە