محەمەد كەمال: گەرمای ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوە

KNN : Kurdish News Network
06:22 - 24/06/2025
کوردستان
+
-

شارەزایەكی كەشوهەوا رایدەگەیەنێت: بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە سبەینێوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو پلەكانی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە و ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردو هاوینەكەی گەرمە و پێدەچێت خۆڵبارینیشی لەگەڵدا دەبێت.


هەواڵ: (KNNC)


محەمەد كەمال، كەشناس بە رادیۆی گۆڕانی راگەیاند: دوای چونە ناو وەرزی هاوین، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە سبەینێوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو پلەكانی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە بەجۆرێك لە سنوری پارێزگاكانی هەولێر و كەركوك بۆ (47) پلە بەرز دەبنەوە، بەڵام لە گەرمیان تاڕادەیەك پلەكان بەرزتر دەبێت.


وتیشی: بەرزبونەوەی پلەی گەرما بۆ (47) پلەی سیلیزی، یەكەمین شەپۆلی گەرمای وەزری هاوینی ئەمساڵە كە رو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردو هاوینەكەی گەرمە پێدەچێت خۆڵبارینیشی لەگەڵدا دەبێت.


رونیكردەوە؛ جیاوازی نێوان هاوینی ئەمساڵ و لەگەڵ ساڵانی پێشو زۆر نییە و تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەن، ئەو گۆڕانكارییە كەمەشی گە رودەدات دەگەڕێتەوە بۆ زو كۆتایی هاتنی وەزری دابارین و كەم بارانی، ساڵانی رابردو، وەزری دابارین درێژتر بوە ئەوەش وایكردوە كە هاتنی گەرما دوابكەوێت.


لەسەر هۆكارەكانی خۆڵبارین راشیگەیاند: هۆكاری سەرەكی زۆری خۆڵبارین دەگەڕیتەوە بۆ كەمی رێژەی باران بارین لە خوار ئاستی ساڵانە هەبونی چالاكی بای باشوری خۆرئاوا و لەگەڵ بەرفراوانی بیابان لە سنوری نێوان عێراق و سوریا، ئەوەش وادەكات كە خۆڵبارین رو بكاتە ناوەڕاست و باشوری عێراق و هەرێمی كوردستان.


سەبارەت بە خۆڵبارینی ئەمساڵ ئەوەیخستەڕو، رێژەی باران بارینی ئەمساڵ لە سنوری نێوان عێراق و سوریا زۆر كەمبوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت سنوری پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، كەركوك و ئەو ناوچانەی وشكە شاڵی تیایدا رویداوە خۆڵبارین بیگرێتەوە.


محەمەد كەمال، كەشناس ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەتوانرێت بەلایەنی مرۆیی و زیادكردنی رێژەی سەوزایی چارەسەری خۆڵبارین بكرێت، ئەمە بێجگە لە ئەوەی دەبێتە هۆی زیادكردنی رێژەی باراین و كەمكردنەوە و دابەزینی پلەكانی گەرما لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی.

177 جار خوێندراوەتەوە