سبەینێ ئەنجومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە و پرسى موچەى فەرمانبەران تاوتوێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:31 - 24/06/2025
کوردستان
+
-

سبەینێ ئەنجومەنى وەزیران کۆبونەوەى ئاسایی بەڕێوەدەبات و پرسى راگرتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکارانى تێدا تاوتوێ دەکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەپێى ئەو کارنامەیەى تایبەت بە کۆبونەوەکەى سبەینێی ئەنجومەنەکە دەست کەى ئێن ئێن کەوتوە؛ دوو تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆ دەکرێت، یەکێکیان تایبەتە بە پێشکەشکردنى راپۆرتێک لەبارەى داهات و خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان و پێشکەشکردنى ئەگەر و چارەسەر و پێشهاتەکان و تەوەرەکەى دیکەیش تایبەتە بە کرێکاران.

 

لە کارنامەکەدا هاتوە کە لە بڕگەى یەکەمدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخى دارایی ئێستاى هەرێمى کوردستان بەتایبەت موچەى موچەخۆران دەکرێت کە دوو مانگە وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگرتوە و دوا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنى ئەم بابەتە لەلایەن وەزیرى داراییەوە بە راپۆرتێک پێشکەش دەکرێت و داهات و خەرجییەکانى ئێستا دەخرێنەڕو و ئەگەر و چارەسەر و پێشهاتەکانیش دیاریدەکرێن.

 

لە تەوەرى دوەمیشدا وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی راپۆرتێک تایبەت بە خانەنیشنى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکات و راسپاردە و پێشنیارەکانیش.

 

مانگى شەش لە کۆتاییەکانى نزیک بوەتەوە، تائێستا وادەى ناردنى موچەى مانگى پێنجى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دیارنییە و بەهۆى ناکۆکی نێو دادگاى فیدراڵیشەوە تا ئێستا بڕیار لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە دەرنەکراوە.


963 جار خوێندراوەتەوە