ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی: موساد بە نامەی دەنگی فەرماندەکانی ئێران ئاگادار دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:37 - 23/06/2025
جیهان
+
-


موساد لە ڕێگەی تۆماری دەنگییەوە فەرماندەکانی ئێران دەترسێنێت و پێیان ڕادەگەیەنێت؛  خۆتان و خانەوادەکانیشتان بە ئامانج دەگرین ئەگەر بێ بەری بونی خۆتان لە حکومەتی ئێران ڕانەگەیەنن.

هەواڵ:KNNC


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست تۆمارێکی دەنگیی بڵاوکردوەتەوە، کە تیایدا بریکارێکی هەواڵگری ئیسرائیل پەیوەندی بە فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسدارانەوە دەکات و بە زمانی فارسی ئاگاداری دەکاتەوە و دەڵێت: "لە ئێستادا پێت دەڵێم؛ 12 کاتژمێرت هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ژن و منداڵەکەتدا هەڵبێت ئەگەرنا، تۆ لە لیستەکەماندایت.



لە تۆمارە دەنگییەکەدا، بریکارەکە ئیسرائیل بە فەرماندەکەی ئێران دەڵێت؛ "ئێمە نزیکترین لێتەوە تا خوێنەبەری گەروت و ئەمە با لە مێشکتدا بێت، خوای گەورە پاداشتت بداتەوە."


بریکارەکەی مۆساد داوا لە فەرماندە باڵاکە دەکات گرتەیەکی ڤیدیۆیی بکات  و تێدا  بێبەریبونی خۆی لە حکومەتی ئێران ڕابگەیەنێت و  لەڕێگەی تێلێگرامەوە بۆیانی بینێرێت .



ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم کارەی موساد بەرامبەر بە زیاتر لە 20 بەرپرسی باڵای سەربازی، ئەمنی و ئەتۆمی ئێران کراوە.



ئەوەشی ئاشكرا کردوە، هەندێک لە پەیوەندییەکان ڕاستەوخۆ بۆ خودی تاکەکان بوە، هەندێکیان بۆ هاوسەرەکانیان یاخود بە جێهێشتنی یاداشتی هەڕەشە لە ماڵەکانیاندابوە.



ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نوسیویەتی ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی گەورەتری ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی کە هەفتەی ڕابردو دەستی پێکردوە و ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە دروستکردنی ترس بوە لەنێو فەرماندە پلە دو و پلە سێکانی ئێراندا.


3894 جار خوێندراوەتەوە