لە دوای ڕاپەرینەوە هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی بۆ بەردەوام
بوون لە سەر دەسەڵاتی سەپێنەری خۆیان
جگە لە شەڕی یەکتر و بوونە داردەست بۆ داگیرکەرانی کوردستان؛ کاریشیان لەسەر کڕینی کادر و لێپرسراوانی یەکدی و خەڵکی
سەربەخۆ و کادر و ئەندامی حیزب و لایەنەکانی تر کردووە. بۆ کڕینی ویژدانی خەڵکی ئەم
جووت حیزبە لە دزی و چەردەیی و قاچاخچێتی
سڵیان نەکردۆتەوە و بێباکانە هەمیشە زەوی و زار و موڵک و ماڵی شاریان و گوندیانی ناوچە جیاجیاکانیان فەرهود
کردووە.
لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە و بەوپێیەی کە
بزوتنەوەکە بوو بە هەڕەشەیەکی کەمەرشکێن بەرامبەر پێگە و دەسەڵاتیان، ئەم دوو حیزبە بە تەریبی لەگەڵ نانبڕاوکردن و
ترساندن و ئازاردانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەدا چەقی کارکردنیان خستە سەر کڕین و راکێشانی هەڵسوڕاوان و گۆڕاخوازان.
سیاسەتی بە برسی کردنی خەڵک و مووچە دابەشنەکردن کە جووت
حیزب بە نەگەڕانەوەی بە ئەنقەستی بەشێکی زۆر لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان کە لەڕێی برەودان بە قاچاخچێتیەکی سیستەماتێکی پەیڕەویان
کرد کڕین و راکێشانی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی ئاسان تر کردووە.
لە داهاتووشدا و لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی
عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت دیاردەی کڕین و ڕاکێشانی
هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان زیاتر ڕەچاودەکرێت.
سەرەڕای هەبوونی ئەم کڕین و راکێشانەی کادر و ئەندامانی حیزب و لایەنەکان بە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی
بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە، بەڵام تا ئێستاش هیچ لێکۆڵینەوەیەکی
زانستی نییە کە بیسەلمێنێت کە کڕین و راکێشانی حیزب و لایەنگرانی حیزب و لایەنی تر کارتێکردنی
ئەرێنی لەسەر قەبارەی جووت حیزب و بەهێزبوونی پێگەی جەماوەرییان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی
دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبوبێت.
بەڵام بە هۆیەی کە داتاکان پێمان دەڵێت کە ژمارەی دەنگەکانی
یەکێتی لە سنوری بادیناندا هەمیشە لە ژمارەی ئەوبادینیانە کەمتربووە کە یەکێتی لە
ناوچەکەدا مانگانە موچەی حیزبیان دەداتێ و بەهەمان شێوەش ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە
سنوری پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە کەمترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی ناوچەکە
کە پارتی موچەی بۆ بڕیونەتەوە، ئەوە کڕین و ڕاکێشانی کادری حیزبی تر جگە لە لێکترازانی
زیاتر و خراپترکردن و کەم کردنەوەی زیاتری متمانەی نێوان حیزب و لایەنە سیاسەکانی
هەرێمی کوردستان و بە رادەیەکیش تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێکشکاندنی شکۆی
تاکی کورد؛ هیچی تری لێ شین نەبووە و لێ شین نابێت.
ئەو پارە بێشومارەی ئەم جووت حیزبە کە لە بواری کڕین و
راکێشانی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنکانی تردا سەرفی دەکەن،
گەر لە پڕۆژەی ئاوەدانی و خێرخوازی بۆ هەژاران
و لاوان و ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەدا خەرجیان بکردایە، ئەوا یەکێتی لە بادینان
دەنگی زیاتری دەهێنا و پارتیش بە قەد ژمارەی موچەخۆرەکانی لە کەرکوک و سلێمانی هەڵەبجە
لەوانەوە بوو لەڕێی چنینەوەی زیاتری دەنگی خەڵکەوە بە مایەی خۆی هەستایەتەوە.
ئامانج مەلا عەلی
ستۆکهۆڵم
٢٩ی نیسانی ٢٠٢١
750 جار خوێندراوەتەوە