با (هاوپەیمانی) ڕاستەقینەبێت نەک لێکترازانی یەکجاری

لە ڕووداوێکی (بۆ ڕای گشتی) کەمێک چاوەڕوان نەکراودا و  لە ڕۆژی (١)ی ئایاری (٢٠٢١)دا، هاوپەیمانییەک لە نێوان بزوتنەوەی  گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیانرا. هاوپەیمانییەتێکە بریتییە لە پاڵپشتی کردنی ئەو دوو لایەنە  لە لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن لە ئاستی پارێزگاکانی هەرێم و ناوچە لێبڕێنراوەکاندا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 

بۆ بارودۆخی هەنووکەیی ناهەمواری کوردستان و بەهۆی ئەو لێکترازانە مێژووییەی کە لەنێوان لایەنە کوردستانیەکاندا ئەمڕۆ بە زەقی رەچاودەکرێت؛ لەدایکبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە گرنگی گەورەی هەیە.

لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە لە نیسانی (2003)ـەوە هەرگیز کورد لە بەغداد ئەوەندە لاواز نەبووە و هەرگیزیش بەم شێوەیەی ئێستا کورد لەلایەن ناوەندەوە لە قاڵب نەدراوە و هەرگیزیش هەژمونی ئێران و تورکیاش لەسەر باشوری کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا بێوێنە نەبووە.

لە بارودۆخێکی ئاوادا هاوپەیمانییەتێکەی نێوان ئەو دوولایەنە هیوا بەخشە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەدا و بەتایبەت کە هەردوو لایەن سەرەڕای باوەڕی بەهێزیان بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام  بۆ ئەمڕۆ بەغداد بە قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان سەیردەکەن و پێیشیان وایە کە کوردێکی بەهێز لە عێڕاقێکی بەهێزدا دەبێتە کەم بوونەوەی هەژموونی ئێران و تورکیا لە باشوری کوردستاندا.

ئەم هاوپەیمانێتییەی نێوان گۆڕان و یەکێتی کاریگەی باشیشی دەبێت لە سەربەڕێوەچوونی
هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی ئارام و دوور لە توندوتیژی؛ بەتایبەت لە و ناوچانەی کە هەردوولا پێگەی جەماوەریان لە یەکەوە نزیکە و ئەمەش بە دەوری خۆی کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستان بە تایبەت پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و قەزای کۆیە کە چەندین ساڵە بەهۆی ململانێ و کێشمەکێشی نێوان گۆڕان و یەکێتییەوە کەم و زۆر لە نائاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا دەژین.

لەوانەشە هەبوونی هاوپەیمانییەتێیەکە خرۆشییەک بداتە دەنگدەران و ببێتە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەران و کەم کردنەوەی ڕێژەی بایکۆت و کەم بوونەوەی تەزویریش.

ئەوەی کە خەڵکی چاوەڕوانێتی لەو هاوپەیمانییە ئەوەیە کە کۆی پڕۆسەکە مەسەلەیەکی  تاکتیکی تەنیا تایبەت نەبێت بە دروستکردنی لیستێکی هاوبەش و بۆ ئەوە نەبێت کە دەنگی خەڵکی بە پێچەوانەی ویست و ئیرادەیانەوە بۆ بەرژوەندی تەسکی حیزبایەتی لایەک بە تەنیا بەکاربهێنرێت.

ئەبێت هاوپەیمانی کوردستان دەستپێک بێت بۆ قۆناغێکی نوێی هاوپەیمانی راستەقینە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان کە ئەمەش بە زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەی رێکەوتنی دەباشان و جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەمەڕ حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت.

ئەم هاوپەیمانییەتییە نوێترین نییەتی پاکی بزوتنەوەی گۆڕانە بەرامبەر یەکێتی نیشتیمانی و لە پێناوی چاکەی گشتیدایە و نابێت داوێک بێت کە بۆ گۆڕان دانرابێت و ببێتە لێکترازانی زیاتری دوو لایەنەکە لە داهاتوودا.

487 جار خوێندراوەتەوە