لە کۆتاییەکانی ساڵی (1983) دا
مفاوەزاتی نێوان حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتیمانی لە پێناوی چارەسەری کێشەی
کورد دەستی پێکردوو لە سەرەتاکانی (1985)دا بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات و دیسان
شەڕ و ماڵوێرانی دەستی پێکردەوە.
یەکێتی هەر لەسەرەتاوە دەیزانی، کە
حکومەتی عێراق ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکان نییەو شەڕ هەردروست دەبێتەوە، بۆیە
مفاوەزات لەگەل حکومەتدا زیاتر وەک تاکتیک سەیر دەکرا نەوەک ستراتیج.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هۆی شەڕی (جوود، ئێران و عێراق)ەوە
تا بڵێت هیلاک و شەکەت بوو، ژمارەی برینداری بێ چارەسەریش لەشاخ، کە بەهۆی شەڕە
نابەرامبەر و جۆراوجۆرەکانەوە پێکابوون روویان لە زیادی کردبوو، بۆیە ئاگربەستی
نێوان پێشمەرگە و ڕژێمی بەعس لە سەردەمی مفاوەزاتەکە دا دەرفەتێکی بۆ پشووپێکردن بە
هێزی پێشمەگە رەخساند، بەهۆیەشەوە چەندین بریندارو نەخۆشی پێشمەرگەش چارەسەر و
دەرمانی پێویستیان وەرگرت جگە لەوە، یەکێتی ئەو دەرفەتەشی بۆ خۆ
بەهێزترکردن و فراوان کردنی هەژمونی خۆی لە رووی سەربازی و رێکخراوەیی و
جەماوەرییەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان قۆزتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا رەوانشاد نەشیروان
مستەفا، چەند هەفتەیەک بە نهێنی لە بادینان مایەوە و دیسان رێکخستەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی
لەو دەڤەرەخستەوە سەرپێ.
هەر سەبارەت بەم خاڵە دەبێت ئاماژە بە گرنگی دەڤەری هەولێر بۆ
کۆمەڵە و یەکێتی بکەین، قەڵەمڕەوی سەربازی لە دەڤەری هەولێر تا مفاوەزاتەکەش
لە نێوان هێزەکانی جود و یەکێتی دا یەکلا نەببۆوە، ئاگربەست دەرفەتێکی باشی بە
یەکێتی دا، کە قەلەم رەوی ئەو دەڤەرە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە، ئەمەش بەهێزترکردنی
رێکخستەکانی یەکێتی کۆمەڵەو شۆرشگێڕان و هێزی پێشمەرگەی لەو دەڤەرە دەخواست.
پلانی لەم جۆرەش پێویستی بە تێکۆشەرانی ناوچەکە هەبوو، کە سروشتی
بیرکردنەوەی خەلکی دەڤەرەکە بناسێت و بشزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات،
یەکێکیش لەوتێکۆشەرانە کە دەیتوانی بەو دەورە هەڵسێت (سەفینی مەلا قەرە)بوو کە لە هەلبژاردنی تەواوکاری خانەی ڕاپەراندا لە
کۆی (47) دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی
متمانەو دەنگی (44) ئەندامی بەدەستهێنا.
سەفینی مەلا قەرە، ئەو کات جێگری فەرماندەی تیپی (86) ی دەشتی
هەولێر بوو، لە توولی مفاوەزاتەکاندا ( وەک کاک نەوشیروان) بۆ کاری حیزبی و
سەردانی خزم و هاورێ نەبوایە سەردانی شاری
هەولێرو سلێمانی و سورداشی نەدەکرد، هەمیشە لە لەگەڵ پێشمەرگەکانی دا لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی
خەلکی و بە هێزکردنی هێزی پێشمەرگەو برەودان بە ڕێکخستەکانی کۆمەڵە بوو.
بۆ بەدەستهێنانی ئەمانەش زۆر جار شێوازی نوێ و بگرە داهێنەرانەی
ئەنجام دەدا.
جارێکیان لەگەڵ فەرماندەی تیپی (83) ی
هەوری (شەهید حەسەن عەبدوولای مەلا عەلی) کاکم ( کە زۆر هاورێی کاک سەفین بوو) بە
مەبەستی بینینی ئەو چوینە گوندێک، کە لەگەل چەند کەرتێکی تیپەکەی دا لێی دابەزیبوون،
دوای پشویەکی کورت بە کاروانێکی ئوتۆمبێل سەردانی گوندێکی ترمان
کرد، زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە پیکابی نیسان بوون ئەو پیکابانەی کە پێشتر لە
چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەدا دژی رژێم دەستیان بەسەرداگیرابوو، بۆ ئەوەی
کۆپتەری دوژمن بە ئاسانی ئاشکرایان نەکەن، پیکابەکانیان بەتەواوی لە خۆڵ
هەلکێشرابوون یان بۆیاخی خاکی و قاوەیی کرابوون، جگە لەوەش لە پیکابی یەکەم و کۆتایی
کاروانەکە دا بڵندگۆی دەنگی بە سەقفەکانی پیکابەکانەوە جێگیر کرابوون.
هەر بە رۆیشتنی کاروانەکە لە بلنگۆکەوە گۆرانی (پێشمەرگە مە) ی
جوان حاجۆ و ( وا هاتن پێشمەرگێ مە) ی شڤان پەروەر لەگەل خێرایی پیکابەکان و
تۆزی بەرزبووەوەی ڕێگا خۆڵەکەی کاروانەکەی پیا تێپەردەبووئاوێتە دەبوو.
دوای دابەزینی هەموان لەو گوندەی بۆی چووبووین کاک سەفین بە
شەهید حەسەنی کاکمی ووت کە ئامانج لەم جۆرە،جەولانە) بەم شێوەیە بەرزکردنەوەی ورەی
خەلک و پێشمەرگەو دەرخستنی بە هێزی و کارامەیی و چوستی و شارەزایی هێزی پێشمەرگە
یە.
ڕۆڵی بەرچاوی (سەفینی مەلا قەرە) لە ناوچەکەدا بەوەش هەست پێدەکرا،
کە هەر لە چوارچێوەی مفاوەزاتەکان دا
ڕێکخراوی سێی کۆمەڵە گەشەیەکی بێ وێنەی لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بۆ خۆوە
بینی و هێزی پێشمەرگەش بە شێوەیەک گەشەی کرد، کە لە پاڵ تیپی (86) ی دەشتی
هەولێردا چەندین تیپ و کەرتی نوئ دروست کرا، کە دواتر دەورێکی زۆر گرنگیان لە شەری
نابەرابەری هێزی پێشمەرگە بەرامبەر رژێمی سەدام بینی و لەو چوارچێوەیەشدا هەر
لەدوای کۆتایی ئاگربەست لەگەڵ سوپای عێراقدا هێرشی جەرگبڕی پێشمەرگە بۆ رێ گرتن لە
بەعەرەبکردنی ناوچەی قەراج و کەندین ئاوا بەشێوەیەک سەرکەتوو بوو، کە پلانی
تەعریبکردنی ئەو دەڤەرە تا ماوەیەکی زۆر پوچەل کرایەوە.
سەفینی مەلا قەرە، پێشتر لە ناو هێزی پێشمەگەدا فەرماندەیەکی
بەئەمەک بوو، ئێستاش لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان دا سەرکردەیەکی بەئیرادەدەبێت و بە
هیوای تەمەن درێژی و لەش ساغی بۆ بەرێزیان..
1213 جار خوێندراوەتەوە