ساڵح موسلیم سەرکردەیەکی پاک و دڵسۆز، خاوەن هەڵوێست لەبەرامبەر داگیرکەران، خزمەتگوزاری میللەتەکەی خۆی، مرۆڤێکی هێمن و خاکیی، دووربین، ستراتیژیست، قوربانیدەر و خاوەن دیسیپلین بوو. مەرگی موسلیم زیانێکی گەورە بوو بۆ کوردستانی مەزن بە گشتیی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتیی. ئەو مێژووییەکی بە خەباتی بێگەرد و شکۆمەندی خۆی تۆمار کرد، کە نموونەی نییە، یان زۆر دەگمەنە. ئەو تاکە سەرکردەی کوردە، کە کوڕەکەی خۆی کردە قوربانیی کوردستان. یەک خاڵی ڕەشی گەندەڵی لەسەر نییە، کوڕ و بنەماڵەکەی نەکردە خاوەنی سەرمایە. هێمن گوتەنی (موحتاجی مەحەک نییە، زێڕی بێ غەلوغەشە)...
ئەم سەرکردە نەمرە دەیگوت: «ئێمە چاوەڕێی کەس ناکەین مافەکانمان پێ ببەخشێت؛ ئێمە بە دەستی خۆمان و بە تێکۆشان مافەکانمان بەدەست دەهێنین.» ئەو لە ساتە پڕ تەنگژە و کتوپڕ و ئاڵۆزەکانیشدا شێوازە ئارام و هێمنییەکەی خۆی لەدەست نەدەدا. کاتێک خەندەقی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا بە فیتی تورکیا لێدرا و جۆرە گەمارۆیەکیان خرایە سەر، ئەم گوتی: «پەلکێن داران دەخۆین، بەڵام تەسلیم نابین»، کەمدوویی و بیرتیژی و ئارامییەکەی جیاوازی کردبوو لەوانی دی.
من دوو جار بەڕێزیانم لە نزیکەوە بینی؛ ساڵی ٢٠١٨ لە سیمینارێکدا بۆی لە پەرلەمانی سویسرا، هەروەها ساڵی ٢٠١٩ سەروەختی کۆنفرانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. لەم جاریاندا گفتوگۆیەکی کورتمان بوو، لە نێو قسەکاندا گوتم ئێوە جێگەی شانازین، کە نەک خۆتان خەباتگێڕن، بابی شەهیدیشن، گوتی: «گەلەک سوپاس هەڤاڵ، نە هەر ئەزم، نیوەی کوردان بابێ شەهیدن!» واتە لە گرنگی ئەو سیفەتەی بۆ خۆی کەم کردەوە. هەر لەوێدا وێنەیەکم بۆ یادگاریی لەگەڵی چرکاند. ئەم کەسێکی خاکی و سادە و هێمن و لەسەرخۆ بوو، لەو جۆرە مرۆڤانە بوو بە یەکجار بینین، مرۆڤ نەیدەتوانی خۆشی نەوێت.
شاخەوانی برام، کە ساڵی ٢٠١٤ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کاری دەکرد، دوای کۆچی دوایی ئەم نەمرە، وای بۆ نووسیبووم: «من شاهیدی ئەوە دەدەم ئەم سەرکردەیە پاسەوانی نەبوو، لە ٢٠١٤ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئیشم دەکرد. بینیم بەتەنها سەفەری ئێرانی کرد، بەس جانتایەکی بچووکی پێبوو، چاکوچۆنینی و تەوقەشم لەگەڵی کرد. سووتفەی کرد هەفتەی دواتر دیسانەوە بینیم گەڕایەوە، دووبارە بەخێرهاتنەوەیم کرد. تەنانەت بە پاسی گەشتیاریی ئاسایی چوو بۆ ترمیناڵەکە نەک VIP، لەکاتێکدا منداڵە بەناز و لووسکەکانی لێپرسراوانی باشوور بە پاسی VIP دەهاتن؟!».
یەک لە خەسڵەتەکانی تەڤگەری ئازادیخوازی باکوور و لقەکانی لە پارچەکانی دی ئەوەیە، کە سەرکردە و پێشەنگی جیاواز دروست دەکەن، کە تایپێکی نوێ بێت لە سادەیی و خاکێتی، خۆنەویستی، خاوەن گیانی قوربانیدان، بە بیروباوەڕ، دەستپاک و کورسی نەویست.
کاتێک لە ٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ کۆنگرەی گشتی پەیەدە ئەنجامدرا، ئەم مەزنە مرۆڤە بە کورتەنامەیەک لە ڕێگەی فەیسبووکەوە دەست لە کارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد، ئەمە لە کاتێکدا خۆی دامەزرێنەری پەیەدە بوو. ئەو کات وتارێکی کورتم لەسەر ئەم ڕووداوە کەم پێشینەیە بە ناونیشانی (ساڵح موسلیم حاشا سەرکردەیەکی کورد نییە!) نووسی، کە قسەی دڵم بوو، ئێستاش پاش هەشت نۆ ساڵێک هەست دەکەم گوزارشتەکانم بۆی لە جێگەی خۆیدا بوون، لێرەدا دەقی وتارەکە دادەنێمەوە:
ساڵح موسلیم حاشا سەرکردەیەکی کورد نییە!
بەڕێزم تۆ کەی سەرکردەی کوردیت؟! ئاخر کوا سەرکردەی کورد تا لە ژیاندا بێت واز لە کورسی دێنێت؟! کوا سەرکردەی کورد کوڕەکەی لە سەنگەری پێشەوەدا شەهید دەبێت؟!
ئێوە گەر سەرکردەی کوردن چۆن جانتای خۆتان دەدەن بە شانتاندا، ئەی چۆن دوای خۆتان کوڕ و برازا و ئامۆزاتان ناکەن بە جێگرەوەتان؟! نا نا ببورە هەرگیز بڕوا ناکەم ئێوە سەرکردەی کورد بن!! کەی سەرکردەی کورد وەک ئێوە ڕەفتار دەکات؟!
گەر سەرکردەی کوردن بۆ بە پارەی میللەت کۆشکێکی شاهانەتان لە پاڵ ماڵی خۆتاندا دروست نەکرد بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی ڕۆژئاوا، تا کوڕاوکوڕتان حوکمی ئەوێ بکات؟!
ئێ گەر سەرکردەی کوردن، کوا ڕیزی ئۆتۆمبێلی دوامۆدێلی پاسەوانەکانتان؟! ئەی کوا ئۆتۆمبێلی گرانبەهاتان؟! ئاخر چۆن بڕوا بە خۆم بهێنم ئێوە سەرکردەی کوردن؟
نەخێر عەزیزم ئێوە پەشێوی مەزن گوتەنی (لە جنسێکی ترن)!!
گەر سەرکردەی کوردن چۆن وا بە ئاسانی دەسبەرداری کورسی دەبن؟! بۆ ڕێگەتان نەدا بە چەپڵەڕێزان دانرێنەوە بە سەرۆکی حزب؟! کێ ڕێگەی لێ گرتبوون؟! ئەی چۆن لە وتار و نووسینتاندا هیچ باسی خەباتی ڕابردووتان ناکەن و نایدەنەوە بە چاوی نەوەی ئێستادا؟! چۆن وا کورت و کرمانج، وەک سەرکردەی وڵاتێکی ئەورووپایی و لە پۆستێکی فەیسبووکدا و بە سادەیی لە ئەکاونتەکەتاندا دەنووسن:
«شەڤێ ڕابردی لە کۆنگرێ ٧ێ پەیەدێ، بەندە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و شۆڕش، دەستلکارکێشانا خوەم پێشکەش کۆنگرێ ٧ێ پەیەدێ کرد، ب هیوایا سەرکەفتن ژ بۆ هەمی گەلی کورد.»
بمبوورە گەورەم من گومانم هەیە، ئێوە سەرکردەیەکی کورد بن!!! خۆزگە دەهاتن کۆرسێکتان بۆ سەرکردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکردەوە و وانەی لەخۆبووردوویی و قوربانیدان و خاکێتی و خۆنەویستی و کورسینەویستیتان فێریان دەکرد!! وای چ سەرسامم بە مەزنی و لەخۆبووردووییتان!!!
بمانبوورە هەڤاڵ موسلیم، کە لە کۆچی دواییتدا دەسەڵاتی باشوور وەک پێویست ڕێزیان لێنەگرتن و تەرمی پیرۆزیان بە مەراسیمێکی فەرمی و جەماوەریی شایستە بەڕێنەکردەوە.
سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردت، یادت بەرز و ڕێگات پڕ ڕێبوار بێت.
خەبات خۆش هەڤاڵ. ئۆغر بێت..
33 جار خوێندراوەتەوە