مووچەخورانی هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانی
مووچەكانیاندان لە نێوان هەولێر و بەغداد، هەرجارە و چاوی چاوەڕوانی دەبڕنە لایەك،
وای لێهاتوە ڕایەڵەكانی چارەسەری كێشەی موچەخۆران هێندە زۆر بووە شۆربۆتەوە بۆ هەوڵی
تیم و گروپ و تەنانەت تاكە كەسیش، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە نەبونەتە گەرمكردنەوەی
گیرفانی مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان.
زۆرجار دەترسم لە چونی ئەم هەموو وەفد و تیم
و گروپ و كەسایەتی و ناردنی نامەی تایبەت بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران یان گوژمەیەكی
(320) ملیاری، وای لە حكومەتی مەركەزی بەغدا كردبێت ناردنی ئەم بڕە پارەیە بكاتە وەڵامی
كام لە مانە!!
هەندێك جار ڕەنگە نەناردنی بڕێك لەو شایستە
داراییانە بگەڕێنمەوە بۆ ئەم هۆكارە، چونكە بڕیار بەدەست و سیاسیەكانی بەغدا هەوڵی بەدەستهێنانی وەلائی هەندێك كەسی
ناو پەرلەمان و ناو ئەحزابە كوردیەكان و هەندێك كەسایەتی كوردی و تایبەتتر هاوڵاتیانی كورد دەدەن. هەربۆیە لەگەڵ هەواڵی
ناردنی مووچە دەهات لە بەغداوە هەرچی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی هەبوو باسی كاریگەری راستەوخۆی
چارەسەری ئەم دۆخەی دەخستە سەر هەوڵەكانی سەرۆك و بەرپرس و كەسە یەكەمەكانی خۆیان،
لەراستیدا تا ڕادەیەك كەسە بەرپرسەكانی پایەیەك خوارتر لەم بەرپرسانەی باسیان دەكرا،
سەری لەم هەواڵانە دەرنەدەكرد؛ چ جای هاوڵاتیەك و مووچەخۆرێكی گیرفان بەتاڵ...
هەموو هەوڵێكی نیازپاكی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە
من بە پیرۆزی دەزانم، بەڵام زیانی بۆ نەتەوە
و ئەم كیانەی هەرێمی كوردستان نەبێت.
بەڵام هەندێك كێشەی چارەسەرنەكراو هەیە لەنێوان
هەرێم و بەغدادا، كە ڕەنگە پێی گەشبین نەبم، بە هەوڵی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆران
بۆ سەر حكومەتی مەركەزی، یەكێك لە كێشەكان جیاوازی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی
كوردستانە كە جیاوازیەكەی زیاترە لە نیو ملیۆن فەرمانبەر، ئەمەش دوو شێواز لە كێشەمان
بۆ دروستدەكات كە تاكو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
1- كێشەیەكی
تەكنیكی و چۆنیەتی دابەشكردنی ئەم بڕە پارەیەیە كە لە بەغدادەوە دابین دەكرێت،
چونكە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنها بە ژمارە تۆمار كراوە واتا ناوی فەرمانبەر
و مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەكانی و زانیاریەكانیتری فەرمانبەری تێدا ئاماژە پێ نەكراوە، هەربۆیە ئەگەر پارەكەش تەرخان بكەن
دابەشكردنی مووچە بەم شێوازە ئەستەم دەبێت لەبەر ئەم هۆكارەی باسمانكرد.
2- عێراق خۆی لە دۆخێكی ئابووری خراپدایە و ئەم
بڕە پارەشی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان لە حكومەتی مەركەزی قەرز كردوە كە سەرەتا
بڕەكە بریتی بوولە (41) ترلیۆن دینار، دواتر بە ڕێكەوتنێك لەنێوان لیژنەی دارایی بڕەكە
كەمكرایەوە بۆ (12) ترلیۆن دینار كە (3.5) بۆ (4) ملیار دینار تەنها مووچەی مانگێكی
موچەخۆران و خانەنشینەكانیەتی لە حكومەتی بەغدا.
3- كەمبوونەوەی داهاتی عێراق بە ڕێژەی (45%) لە
داهاتی گشتی كۆكارێكیتری ئەم رێكنەكەوتنەیە كە عێراقیش پێی ناوەتە بارودۆخێكی ئابوری.
هەموو ئەم هۆكارانە و چەندین هۆكاری سیاسی تر
و تەكنیكی و ناكۆكی كوتلە و تاییفیەكان و سیاسیەكانی هەرێم و بەغدا و خودی ناكۆكیەكانی
ناوخۆی عێراقیش لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (مستەفا کازمى) و سەرۆكی حزبە سیاسیەكانی
عێراق، هێندەی تر دۆخەكەی ئالۆزتر كردوە،
بە گوێرەی پسپۆڕیەكەم لە بواری ژمێریار و دارایی و وەك ئابووریناسێك، گەشبین نیم بە
چارەسەری كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەگەر
خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروست و بنبڕكردنی گەندەڵی نەكاتە خاڵی سەرەتایی
و وەرچەرخانێكی نوێ. هەر بۆیە بە دواكەوتنی و چارەسەر نەكردنی ئەم دۆخە ئابووریە،
موچەخۆران بارە ئابووریەكەیان هێندەی تر دەكەوێتە لێژی و توانای بەرگەگرتنی زیاتری
ئەم هاڕینە ناكەن و ئەستەم دەبێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم هێندە چاو ببڕنە ژێر تایتڵی
تەلفزیۆنەكان و سەردێری هەواڵەكان بۆ هەواڵی هاتنی مووچەكانیان.
1558 جار خوێندراوەتەوە