دابەزینی نرخی نەوت كاتیە

ناكۆكی و جەنگی ووزەی نێوان ووڵاتی سعودیە و ڕوسیا و سەر هەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید 19 هێندەی تر ئابوری وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتیان توشی شۆك كرد و زیانە  ئابوریەكانی  گەورەتر كرد و كێشە ئابووریەكانیان قوڵتر كردەوە.

دوای گفتوگۆ و لێك نزیك بوونەوەی وڵاتی سعودیە و ڕوسیا لە ڕێكخراوی ئۆپیك بۆ چارەسەركردنی  كێشەی نرخی نەوت و كەم كردنەوەی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت، بڕیاریاندا بە كەمكردنەوەی ڕێژەی 23% كە دەكاتە 10 بۆ 11 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

كە ئەم ڕێككەوتنە بە گەورەترین  رێككەوتنی  ئۆپیك  هەژمار دەكرێت بۆ كەم كردنەوەی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت، كە ڕێكخراوی ئۆپیك ئەنجامی دابێت ئەویش لە سەرەتای  مانگی ئایار دەچێتە بواری جێبەجێ كردن، كە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت.

بەڵام ڕێکكەوتنەكانی رێكخراوی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان لە پێناو بەرزکردنوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەوتۆی دروست نەكرد.


دوا بەدوای هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بینیمان لە 20 ی ئەم مانگە نرخی نەوتی تەكساس بۆ ژێر سفر و تاكو سالب 37.63  نزم بوەوە، ئەمەش زۆرترین ڕێژەی نزم بوونەوەی نرخی نەوتە لە دوای ساڵی 1983 كە ئەوكاتیش لە دابەزینێكی ڕاستەوخۆ و خێرادا نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 1.02 دۆلاری ئەمریكی، بەڵام  ماوەی یەك رۆژی خایاند  كە بە ڕێژەی 94%  بەهاكەی لە دەستدا و دواتر بەرز بوەوە و گەیشتەوە 18.27 دۆلاری ئەمریكی.

هۆكاری دابەزینی ئەمجارە جیاواز دەردەكەوێت، ئەویش بە پلەی یەك سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، كە ڕاستەوخۆ هەموو سەرچاوەكانی بەكارهێنەر و كڕیارەكانی  نەوتیان پەكخستوە و بەڕێژەی 90% كارگە و پیشەسازیەكان و هۆكارەكانی گواستنەوەی وەستاندوە.

لە لایەكیترەوە بە ملیاران هاوڵاتی جیهانى لە ماڵەكانیاندا پابەندی مانەوە كردوە، كە ئەمەش تا ڕادەیەك كاریگەری دەكاتە سەر نزم بوونەوەی نرخی نەوت  و نزم بوونەوەی خواست لەسەر نەوت.

هۆكارێكیتر ئەوەیە لە بەرواری 21 ی ئەم مانگە كۆتایی بە  گرێبەستی بازرگانەكان هات، ئەمەش وایكردوە خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بەرهەمەكانیان بهێننە دەرەوە، چونكە نەوت پێویستی بە تێچوویەكی زۆرە بۆ عەمباركردنیان، هەموو عەمبارەكانی ووڵاتی ئەمریكا پڕ بوونەتەوە، بۆیە هەرچۆنێك بێت و هەر نرخێك بكات ڕازین بە فرۆشتنیان.

بە بڕوای من سەرهەڵدانی كێشەی دابەزینی نرخی نەوت كاتیە و ڕێژەی نرخی نەوت ڕوو لە سەركەوتن دەكات، بەڵام ناگاتەوە ئاستی جارانی، چونكە هەموو دابەزینێكی ئابوری گەورە كاتێكی زۆری پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی جارانی خۆی.

بەپێی سەرچاوەیەكی میدیایی بەریتانیا، هۆكارەكانی  چڕ كردەوە بۆ  نەمانی خواست لەسەر بەكارهێنانی نەوت، كە نزیكدەبێتەوە بۆ لە ناوچوون بە پلەی یەكەم، وە كۆتایی هاتنی گرێبەستە بازرگانەكانیەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە 21ی ئەم مانگە بەپلەی دووەم.

چونكە بەم  دواییانە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشكرایان كرد، كە بەهۆی نزمی  نرخی نەوت  ناتوانرێت  تێچوی بەرهەمهێنان و كرێی گواستنەوە و عەمباركردنەكەی خۆی پڕبكاتەوە.
 بەبۆچونی خۆم بە گوێرەی خوێندنەوە و بە دواداچونەكانم بۆ ئەم بابەت، ئەم دابەزینە كاتیە و پێشتریش لە ساڵەكانی 1983 و 1999 ڕویانداوە، بەڵام پێویستە بە تەنها نەوت تاكە سەرچاوەی داهاتی هیچ ووڵاتێك نەبێت.

هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت  بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات بكات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەنگاری كێشە ئابوریەكانی ببێتەوە ئەگەر هاتوو لە نرخی نەوت ڕوویاندا.

بۆیە هەموو ووڵاتێكی پشتبەستوو تەنها بە داهاتی نەوت؛ دەبێت ئامادەكاری خۆی كردبێت بۆ هاتنی كێشە و داڕوخانی ئابوری هاوشێوە، كە لە ئێستادا بەرۆكی زۆر ووڵاتی جیهانی گرتووە.

پێویستە بەپلەی یەك كەرتی كشتوكاڵ ببوژێتەوە و هەوڵی دامەزراندنی كارگەو پیشەسازی بدرێت و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پەرەپێبدرێت و ڕاستەوخۆ دەستی كاری ناوخۆیی زیاتر بەرەوپێش دەبات و بێكاری كەم دەكاتەوە.

جا تكام هەرچی زووە بیر لە سەرچاوەی داهاتیتر بكرێتەوە، بۆئەوەی بیرۆكە بەناوبانگەكەی ئابوری جێبەجێ بكەین كە دەڵێت: (هەموو هێلكەكان لە یەك سەبەتە دامەنێ).

1043 جار خوێندراوەتەوە