یەدەگى نەختینەیی، یان نەختینەیی بیانی، هەمو ئەو
نەختینە بیانیانە (بەزۆری دۆلاری ئەمەریکییە) و سەنەدات و ئاڵتونانە دەگرێتەوە کە
لە بانکی ناوەندی هەر دەوڵەتێک خەزن کراون، لەپێناو پاراستن و پاڵپشتی بەهای دراوى
نیشتمانی و راگرتنی باڵانسی ئابوری و دانەوەی قەرزەکانی سەر دەوڵەت.
لە سەرەتادا ئەم نەختینەییە تەنها بەشێوەی ئاڵتون و هەندێجار
زیو هەڵدەگیرا، بەڵام لەپاش جەنگی دوەمی جیهانییەوە توانرا جگە لە ئاڵتون و زیو،
بەشێوەی پارەی کاش دابنرێت، کە لە ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە دراوی دۆلاری ئەمریکی
و یۆرۆ و جونەی ئیستەرلینی و یەنی یابانی، بەڵام باوترینیان دۆلاری ئەمەریکییە.
هێز و توانای ئابوری وڵاتان لەرێی بڕ و قەبارەی ئەم
نەختینەییەوە دیاری دەکرێت، بەشێوەیەک هەر وڵاتێک بڕی پارە و قەبارەی ئاڵتونی
خەزنکراوی زیاتر بێت، متمانەی لە سندوقی نێودەوڵەتی زیاترە. لەکاتی رودانی هەر
حاڵەتێکی کتوپڕ زۆر بەئاسانی دەتوانێت قەرزی نێودەوڵەتی یان پاڵپشتی دارایی
نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
بەڵام بە کەمبونەی ئەم نەختینەییە لەبانکی ناوەندییدا دەوڵەت
بەهای دراوە نیشتمانییەکەی لەدەست دەدات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە لە هەمو
بانکێکی ناوەندی ( حد الادنى) دانراوە لەکاتی کەمبونەوەی ئەم نەختینەییە.
واتە لەکاتی پوکانەوەی ئابوری هەر وڵاتێک، کاتێک کە ناتوانرێت
جێگەی ئەو نەختینەییە لە بانکی ناوەندی پڕ بکرێتەوە، وردە وردە قەبارەی ئەم
نەختینەییە کەم دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا دەوڵەت ناتوانێت ئیلتیزاماتە داراییەکانی
جێبەجێ بکات، وە لەبەرئەوەی ئەم جۆرە دەوڵەتانە ئابورییەکی گەشەسەندوییان نیه،
ناتوانن قەرزی دەرەکی یان نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن، چونکە پاڵپشتی نەختینەییان لە
بانکی ناوەندی لاواز بوە.
ئەگەر هاتو بەشێوەیەکی ئاسایى دۆلاری هاتو شوێنی دۆلارە
رۆشتوەکان نەگرێتەوە، ئەوا دەوڵەت ناچار دەبێت یان نرخی دۆلار بەرز بکاتەوە یان
پارەی نوێ چاپ بکات، لەکاتی چاپکردنی پارەی نوێ بێ پاڵپشتی نەختینەیی یان ئاڵتون
ئەوا ئەو پارە چاپکراوە نوێیە بەهای راستەقینەی خۆی لەدەست دەدا، بەم شێوەیە
هەڵاوسان لەوڵات دروست دەکات.
لە عێراقی پاش (٢٠٠٣) و لە دوای بەرزبونەوەی نرخی نەوت،
دۆلارێکی زۆر هاتە ناو دەوڵەتی عێراقەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی زەبەلاح و لە
رادەبەدەری حیزبە عێراقییەکان و پشک پشکێنی حیزبی، ئەم پارەیان توشی نەزیف کرد،
بەچەندین شێوە پارەی دەوڵەتی عێراق رەشکرایەوە و نێردرایە دەرەوەی وڵات، بێ ئەوەی
جێی ئەم پارە رۆشتوانە بە کاڵا پڕ بکرێتەوە.
لە دوای (٢٠٠٣) یەدەگی نەختینەیی چەندینجار لە بانکی ناوەندی
عێراقدا بەرزی و نزمی و نەزیفی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەگەر سەیری تازەترین ئامار یان خوێندنەوەی بانکی ناوەندی عێراق
بکەین لە زاری بەرپرسە باڵاکانەوە، هەر خۆیان دەرخەری ئەوەن کە بانکی ناوەندی لە لێواری
کارەسات و هەرەسهێنان نزیک بوەتەوە!
بۆ نمونە:
لەمانگی (نۆ)ی (٢٠١٩) واتە یەک ساڵ پێش ئێستا، راوێژکارێکی
ئابوری عادل عەبدولمەهدى بەناوی مظهر محمد صالح، لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوەکرد کە
عێراق خاوەنی (٨٧) ملیار دولار و (٩٦،٣) تۆن ئاڵتونە لە بانکی ناوەندی عێراقیدا.
بەڵام دواى دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدى، لە ئازارى (٢٠٢٠)،
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە
عێراق بە هەمو پارەی نەختینەیی و زێڕ و سەنەداتەوە خاوەنی (٨٧) ملیار دولارە!
وە لە ٢٤/٦/٢٠٢٠ شارەزایەکی ئابوری بەناوی عبدالرحمن المشهداني
لە لێدوانێک رایگەیاند کە لەکاتی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی تا دەست
لەکارکێشانەوەی نزیکەی (٣٦) ملیار دولار لە بانکی ناوەندی نەماوە ( اختفت!).
هەندێک لە پڕوپاگەندەکان دەڵێن کە سەرکردە سەرەکییەکانی شیعە بە
رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئەم پارەیان بردوە بەرامبەر وازهێنایان لە دەسەڵات. بەو
پێیەی کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو مەحاڵە بتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن بەهۆی
یاسای تازەی هەڵبژاردنەوە، وە ئەم دەستکێشانەوەی شیعە لە دەسەڵات و رازیبونیان بە
سیستمی فرە بازنەیی بەرامبەر بە بردنە دەرەوەی ئەو (٣٦) ملیار دولارە بوە!
واتە بەگوێرەی ئەم لێدوانانە عێراق نیوەی نەختینەیی لەگەڵ
وازهێنانی عەبدولمەهدى لەدەستداوە!
بە پێی لێدوانێکی (هيثم الجبوري) سەرۆکی لیژنەی دارایی لە
پەرلەمانی عێراق؛ بۆ ئەوەی بەهای دراوی عێراق هەرەس نەهێنێت، پێویستە کەمترین
ئاستی نەختینەیی لە بانکی ناوەندی (٥٢) ملیار بێت!
ئەمە لە کاتێکدا لە (٢٧/٩/٢٠٢٠) هەواڵی دیارنەمانی شەش تریلۆن
دیناری عێراقی لە هەندێک میدیا عێراقییەکانەوە بڵاوکرایەوە لە کۆى ئەو (15) ملیار
دینارەى، بۆ مەبەستی موچەی مانگی (٩)ی فەرمانبەرانی عێراق قەرزکرابو!
ئەگەر لەماوەی کەمتر لە ساڵێک یەدەگی نەختینەیی لە بانکی
ناوەندی عێراق لە (٨٧) ملیارەوە (٣٦) ملیاری لەگەڵ رۆشتنی عەبدولمەهدى نەمابێت، وە
بەپێی لێدوانەکانی (هيثم الجبوري) پێویستە کەمترین بڕ (٥٢) ملیار بێت، ئایا
دەوڵەتی عێراق توانای پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دەمێنێت لەکاتێکدا حکومەتی
هەرێمیش بۆ پێدانی موچە چاوی لەدەست و مەڕحەمەتی بەغدایه؟!
لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆس و دابەزینی نرخی نەوت،
دەوڵەتی عێراق تائێستا نزیکەی (١٥) تریلۆن دینار ( زیاتر لە ١٢ ملیار دولار) قەرزی
ناوخۆیی کردوە بۆ مەبەستی پێدانی موچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی دەوڵەت، ئەمە
جگە لەو شەش ملیار دۆلارەی کە كازمى لەسەردانەکەی بۆ وڵاتی سعودیە بەقەرز وەریگرت
بۆ هەمان مەبەست، ئەمەش ئەو راستیانە دەردەخات کە دەوڵەتی عێراق وەک پێویست توانای
پێدانی موچە و خەرجییەکانی نەماوە، چونکە مانگانە جگە لە فرۆشی نەوت و خاڵە
سنورییەکان (هەتا ئێستا لەچنگی مافیای ناوخۆیی و حەشد رزگاریان نەبوە) ناتوانێت بێ
قەرزی ناوخۆیی موچە دابین بکات، ئەمە جگە لەوەی ئەم قەرزکردنەی مانگانەی دەوڵەتی
عێراق دەرخەری ئەو راستیەن کە بواری دەستبردن بۆ یەدەگی نەختینەیی لە بانکی
ناوەندی نەماوەتەوە بە مەبەستی دابینکردنی موچە!
984 جار خوێندراوەتەوە