ــ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دۆلار لە عێراقدا،
ئاماژەکان وا دەردەکەوێت کورتهێنان لە موزانەی ٢٠٢٢ رونەدات و دەوڵەتی عێراق وەک
ساڵانی رابردو نەکەوێتە داوی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.
لە ساڵانی رابردو بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا
و دابەزینی نرخی نەوت، بودجەی عێراق توشی کورتهێنانێکی زۆر هات و دەوڵەت ناچاربو
هانا بۆ زنجیرەیەک چاکسازی تەقەشوف ببات، وە بۆ یەکەمجار سەرۆک وەزیران کاغەزی سپی
ئیمزا کرد سەبارەت بە پڕکردنەوەی کورتهێنان و پاراستنی یەدەکی نەختینەیی لە بانکی
ناوەندی لەپێناو دانەڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی و پاراستنی دەوڵەت لە ئیفلاسبون.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرو ٨٠ دولارەوەیە،
لۆژیکی و زانستیە کە ئەم نرخە تازەی نەوت ببێتە هۆکاری پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی
کە لەساڵانی رابردو لە موازەنە دروست دەبو، بەوپێیەی %٩٠ داهاتی عێراق پشت بە نەوت
دەبەستێت و وە عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی نەوت.
هەرچەندە ئاماژەکان وا دەردەخەن بۆ موازەنەی
٢٠٢٢ نرخی بەرمیلێک نەوت ٥٠ ــ ٥٥ دولار بخەمڵێنرێت، بەڵام واباشترە نرخی بەرمیلێک
بە ٦٥ ــ ٧٠ دولار بخەمڵێنرێت چونکە نرخی نەوت رو لە بەرزییە و پێشبینی دەکرێت تا
کۆتایی ٢٠٢٢ و سەرەتای ٢٠٢٣ بگاتە ١٠٠ دۆلار بۆ یەک بەرمیل. وە هەمیشە لە دەوڵەتێکی
وەک عێراق ئەو جیاوازی خەمڵاندنی نرخی نەوتە لە موازەنەدا بوار بۆ گەندەڵی دەڕەخسێنێت،
بەڵام لە وڵاتێکی موئەسەساتی دەتوانرێت سود لەو زیادەیە وەربگیرێت بۆ وەبەرهێنان و
زیادکردنی یەدەکی نەختینەیی.
ــ بەهۆی بەرزبونەی نرخی نەوت و دۆلار، یەدەکی نەختینەیی
لە ٤٨ ملیارەوە بۆ ٦٤ ملیار دولار زیادیکردوە، وە دەوڵەتی عێراق توانی قەرزی کوەیت
بە تەواوەتی بداتەوە کە بەپێی یاسای ژمارە ٦٨٧ ی ساڵی ١٩٩١ نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەریا
سەپێنرا.
قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق ١١٣ ملیار دۆلارە،
٥٠ ملیار دۆلاری قەرزی ناوخۆییە و ٢٣ ملیار دولار قەرزی دەرەکییە، ٤٠ ملیار دۆلاری
قەرزی هەڵواسراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردو، وە
بەپێی ئیتفاقیەی یانەی پاریس ئەم قەرزانە کەمکراوەتەوە بۆ ٨ ــ ٩ ملیار دۆلار.
ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە یانەی پاریس لە قەرزەکانیان
خۆش بون، بەڵام هەندێک لەو وڵاتە قەرزدەرانە بەبیانوی ئەندام نەبونیان لەو یانەیە
لە قەرزەکانیان خۆش نەبون.
جگە لەوە عێراق بە ٥ ملیار دولار قەرزاری دەوڵەتی
ئێرانە، بەڵام بەهۆی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، دەوڵەتی عێراق پابەندە بە نەدانەوەی
ئەو قەرزە لە ئێستادا.
ــ حکومەتی عێراق هیچ بەڵێنێکی نەداوە سەبارەت بە
دابەزاندنی نرخی دولار بەرامبەر دینار، لە موازنەی ٢٠٢٢ بەهەمان شێوەی ٢٠٢١ یەک دۆلار
بە ١٤٥٠ دینار دادەنرێت. وە بەرزکردنەوەی بەهای دینار و گەڕاندنەوەی بۆ نرخەکەی
جارانی پەیوەستە بە بوژاندنەوەی ئابوری عێراق و سیاسەتی نەختینەیی عێراق.
هەرچەندە هەندێجار گوێبیستی دابەزینی نرخی دۆلار
بەرامبەر دینار دەبین کە بە مەبەستی شێواندنی بازاڕ بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام پێویستە
هاوڵاتی لەوە دڵنیابێت پێشنیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە ساڵی
رابڕدو بە هەمەئاهەنگی و تەنسیق بوە لەگەڵ وەزارەتی خەزانەی ئەمریکی و سندوقی نەقدی
دوەلی.
ــ دەوڵەتی عێراق هەژمارێکی بانکی بەبڕی ١٠٠ ملیۆن
دۆلار لە بانکی ئاسیایی بۆ وەبەرهێنان کردوەتەوە بە مەبەستی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوری وڵات
لە داهاتودا.
548 جار خوێندراوەتەوە