ململانێی زلھێزەکان ومەترسیەکانی لەسەر کوردستانی عێراق

بەشی سێیەم :

١-ھەڕەشە ومەترسیەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان

 

٢-٢: مەترسی دابڕانی جەماوەر لە پرۆسەی سیاسی ولە هێز و لایەنە سیاسیەکان شوێنەواری شەڕو داگیرکردن و لێکەوتەکانی فیکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی،...

 

ئەو شەڕ وداگیرکردنە هێشتا بە زەقی دیارە بە خەڵکی کوردستانەوە، و بە دەیان ساڵی تریش دەمێنێت. ستراتیج وبەرنامەی داگیرکەران وابووە کە زۆر بەووردی کاربکەن لە سەر باری کۆمەڵایەتی وسیاسی کورد، بە مەبەستی بەکارھێنانی توانای جەماوەری، کۆمەڵایەتی، و سیاسی وئابوری وھێزی مرۆیی کورد، بۆ شەڕوململانێی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتان لە لایەک، ولە لایەکیتریشەوە بۆ سەرکوتکردنی جولانەوەی سیاسی وکۆمەڵایەتی وچەکداری کورد لە کوردستان.

 

لە حەفتا وھەشتاکانی سەدەی رابودوو دەسەڵاتدارانی بەعس لەعێراق توانیان زیاتر لە (٤٠٠) چوارسەد فەوجی جاشی خەفیفە دروست بکەن لە کوردستانی عێراق (جینۆسایدی کورد "تاوانی ئەنفال" ل (٢٠٠ـ ٢١٧ )ـ تەھا سلیمان ـ چاپی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٥)، وزیاتر لە دوو سەد وپەنجا ھەزار کورد چەکدار بکەن لەو فەوجانە( گەر ھەر فەوجێک بە شەش سەد چەکدار تەقدیر بکرێ) ومەفرەزەی خاێە وگوارئ و یەکەکانی جەیشی شەعبی، ئەمە جگە لەوەی بەدەیان ھەزار کوردیان لە ئۆرگانەکانی حزبی بەعس رێکخستبوو، بۆ شەڕ وروبەروبونەوەی دە ھەزار پێشمەرگەی ھەموو لایەنەکانی کوردستان، وبۆ ھێرش وبەرگریکردن لە جەنگی عێراق ـ ئێران.

 

لەم راستی وژمارانەی سەرەوە دەردەکەوێ، کە داگیرکەران تارادەیەکی زۆر سەرکەتووبون لە بەکارھێنانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان، وتوانیان وابکەن کە : ١-کورد بڕوا ومتمانەیان بە یەکتر زۆر زۆر کەمبێ و نەمێنێ. ٢- کورد بڕوا ومتمانەیان بە جولانەوەی سیاسی وچەکداری نەمێنێ تارادەیەکی یەکجار زۆر لە کوردستان، وھێز ولایەنەکانیش بڕوا ومتمانەیان بەیەک نەبێ وھەمیشە لە دۆخی ململانێ وشەڕدابن.

 

٣ـ بەعسییەکان توانیان ئینتیمائی قەومی وسیاسی ئەو ژمارە زۆرە لەقبکەن وبگۆڕن، تەنانەت بەشێکیان ناسنامەی نەتەوەیی خۆشیان گۆڕی بۆ سەر نەتەوەی عەرەب. لە جەنگی جیهانی یەکەمیشەوە تا ئەمرۆ (جگە لە ڕاپەڕینی ئازارو بەهاری ساڵی 1991)، وبە پێچەوانەی داگیرکەرانەوە، جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، وەک ئەوەی کاریان نەکرد لە سەر سڕینەوەی شوێنەوارەکانی شەڕ وداگیرکردن، وسڕینەوەی شوێنەواری تەعریب، ودروستکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی، وبڕوا ومتمانە بە کورد و لایەنەکان، جولانەوەی سیاسی وچەکداری بەردەوامبوون لە سەر ھەڵەیەکی ستراتیجی، ئەویش درێژەدان بوو بەململانێی وشەڕی ناوخۆ، وفرامۆشکردنی رۆڵی جەماوەر بوو لە کایە سیاسیەکان.

 

جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لەو ماوەیەدا، ئەوەندەی بیریان لای جولانەوەی چەکداری، وچاویان لە کۆمەک و هاوکاری و یارمەتی دەرەکی بووە، بیریان لە ئامادەکاری جەماوەری و سیاسی نەکردۆتەوە، تەنانەت لە پرسە چارەنوسازەکانیش، بیریان لەوە نەکردۆتەوە، ئامادەکاری سیاسی (یەکڕیزی لایەنەکان) و جەماوەری (یەکڕیزی جەماوەری)،... ناوخۆیی دروست بکەن، بە پێچەوانەوە، شەڕی ناوخۆی لایەنە چەکدارەکان، دووبەرەکی سیاسی و جەماوەری دروست کرد لە کوردستان عێراق .

 

بەسود وەرگرتن لە بارو زروفی جەنگی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی حکومەتی عێراق، ودروستبوونی یەک ئیرادە و ویستی ھاوبەشی جەماوەرو لایەنەکانی ناو بەرەی کوردستانی ولایەنەکانیتر، زەمینە ساز بوو بۆ قۆزتنەوەی ھەلی بەرپاکردنی راپەڕین لە کوردستانی عێراق. لە ئازار وبەھاری ساڵی (1991ز) بە پشت و پەنای جەماوەری کوردستان ڕاپەڕین ئەنجام درا، هەر ئەو جەماوەرەیش بوو، بە گڕوتینێکی زۆربەهێزەوە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی (19/5/1992) یان سەرخست، کە دواتر پەرلەمان و حکومەتی لێ بەرهەم هات. هەموو چین و توێژەکانی جەماوەری کوردستان بە پشویەکی درێژ خۆیان گرت لە بەرامبەر نەبوونی و نەهامەتیەکانی ئەو ڕۆژگارە، وزۆر دڵسۆزانە ڕووبەڕوی ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و دارایی و کارگێڕی رژێمی بەعس بوونەوە.

 

راپەڕین ورووداو وپەرەسەندنەکانی دواتر، ھەلێکی لەبار وزێڕینیان ڕەخساند بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی لایەنەکان لەگەڵ جەماوەر، وچاککردنی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پەیوەندی باشی جەماوەری کوردستان، و هێزو لایەنە سیاسیەکان زۆر کورت بوو، بەهۆی پشتگوێ خستن و پێشێلکردنی رۆڵ و مافەکانی جەماوەر، و لەبەر سەرقاڵی و سەرگەرمی هێزو لایەنە چەکدارەکان، بە شەڕو ململانێ و گەندەڵی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی. ئەمڕۆش پەیوەندی بەشێکی زۆری جەماوەر و هێزو لایەنەکان گەیشتۆتە ئاستی نیگەرانی و توڕەیی و دورکەوتنەوەی جەماوەر لەو هێزانە.

 

گەندەڵی بەرفراوان و هەمە لایەنە، و شەڕوململانێی حیزبایەتی بۆ بەرژەوەندی کەسیەتی و حیزب، ئێش و ئازاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، دەروونی،... گەیاندۆتە بەشێکی زۆری تاکەکانی کوردستان. دوو بەرەکی و گەندەڵی وەک دوو دەردی کوشندە، بڕوا وئومێد ومتمانەی بەپرسی کورد، و بە هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نەھێشتووە تا ڕادەیەکی زۆر. لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستانیش، و مانەوەی میللەتەکەمان لە ژێر ترس و هەڕەشەی سیاسەتی تەعریب و ڕاگوازتن،... میللەتی کوردی بێ هیواترکرد بە قەزیەکەی، و بە پارتی ویەکێتی و ھێزە سیاسیەکان. ئەم ھەموو قەیرانە سیاسی وئابوری وداراییە یەک لە دوای یەکە، وئەو گەندەڵیە بێسنورە لە ھەرێم وعێراق، وبێ ئیرادەیی لە چاکسازی، وشکستھێنان لە دروستکردنی ھەرێمێکی یەکگرتوو، و حکومەتێکی یەکگرتوو، وھێزێکی چەکداری یەکگرتوو، وئابوریەکی یەکگرتوو، وپەیوەندیەکی سیاسی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، بڕواو قەناعەتی لای بەشێک دروست کردووە، کە ئەم هێزانە ئەهلی حکومڕانی، و ئەهلی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی نین، چونکە سەرەڕای دروست نەبونی دامەزراوەی نیشتیمانی، لە سایەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا، میللەت زوڵم و ناڕەوایی زۆری لەگەڵدا کراوە، وبێ بەشکرا لە بەشێکی زۆری مافە سیاسی و دارایی و ئابوری و پەروەردەیی و خزمەتگوزاریەکان،... لە بەر ئەوھۆکارانەی سەرەوە دەنگدەری کوردستان هۆشداری یەکەمی خۆی گەیاندە دەسەڵاتداران و حیزبەکان، بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018)، و هەڵبژاردنەکانی (30/9/2018) پەرلەمانی کوردستان، وەک ناڕەزایەتیکی توندی جەماوەری کوردستان.

 

هەرچەندە بایکۆتکردنی دەنگدان لە ئێستادا کە زەمینەی ساختەو تەزویر ودەستکاری کردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان زۆر بەھێزە، لەبەر ئەوە بایکۆتکردنی دەنگدان بژاردەیەکە لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی وپرسی دیموکراسی نیە، وتەنیا وتەنیا لە خزمەتی لایەنە چەکدارەکانە، چونکە بە ناڕاستەوخۆ دەنگدانە بە دەسەڵات، وپشتگیریە لەمانەوەی زوڵم و بێدادی. چوون بۆ سەر سندوقی دەنگدان، جگە لەوەی بەشداریکردنە لە پرۆسەیەکی شارستانی و گوزارشت کردنیشە لە ڕای دەنگدەر، ئیتر دەنگدەر دەنگ بە هەر کەس و لایەنێک ئەدات، بەڵام کە دەنگدەر ناچێت بۆ سەر سندوقی دەنگدان، هەلی لەبار دەڕەخسێنێت دەنگەکەی بە کار بێت بۆ لایەنەکانی دەسەڵات.

 

بەم جۆرە ئەوانەی بایکۆتی دەنگدان دەکەن لەم بارودۆخەدا، بزانن یان نەزانن، خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە گەندەڵی سیاسی. ئەم وێستگەیە لە ژیانی سیاسی میللەتەکەمان، زۆر گرنگ و چارەنوساز و مەترسیدارە، لەبەرئەوە بەرپرسیاریەتی جەماوەر زۆر زیاتر و گەورەترە، بەهۆی لادانی بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، لەبەرئەوە نابێت جەماوەری کوردستان پشت لە پرسی نیشتیمانی ونەتەوەیی بکەن، و خۆیان بدەنە دەست قەدەر.

 

کات و قۆناغەکە و بەرپرسیارییەتی جەماوەر وایە، میللەتەکەمان بە توندی دەست بە یەک پارچەیی خاک، و یەکڕیزی گەلەوە بێت، و نەبێت بە بەشێک لە شەڕو ململانێی دابەش بونی خاک و خەڵکی کوردستان. دەبێ جەماوەری کوردستان فشار دروست بکات بۆ سەر ھەموو لایەنەکان، بۆ یەکڕیزی وتەبایی و پێکەوەیی، وڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە وئاڵنگاریەکان، وقۆزتنەوەی ھەلەکان بۆبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

 


چی بکرێ بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە پرۆسەی سیاسی ولە ھێز ولایەنە سیاسیەکانی کوردستان !؟ گومانی تێدا نیە کە کەلێنیکی زۆر گەورە دروست بووە لە نێوان بەشێکی زۆری جەماوەری کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم (بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم لە ساڵی 2018 نزیکترین بەڵگەیە)، بەهۆی نەبونی دیموکراسیەتی ڕاستەقینە، و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیڤ

310 جار خوێندراوەتەوە