پرسی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان لە کەرکوک و
ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەک هەر پارێزگایەک و ناوچەیەکی تری عێراق و کوردستانی عێراق
نیە، لەبەرئەوە دەبێ زۆر بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، بڕیاردان لەسەر چارەنوسی
کەرکوک و ناوچەکانی تر، دەبێ لەسەر بنەمای بیری نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی و
راستی و زانیاری دروست
بێ.
لە عێراق و کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بیری نەتەوە
پەرستی و مەزهەب پەرستی لە برەو وهەڵکشاندایە، هەتا بیری نەتەوەو مەزهەب پەرستی لە
زیادبووندا بێ هەرەشەی پاکتاوکردن و داگیرکردن لەسەر کورد و کوردستان و
پێکهاتەکانی تری ناوچەکە زۆر دەبێ، بۆیە تەنیا بەربەست لەبەردەم ئەم هەرەشە و
ئاڵنگاریانە، بەرگریکردنە، بەرگریش تەنیا بە یەک ڕیزی میللەت دەبێ، چونکە کەرکوک و
ناوچە کێشەلەسەرەکان پرسەکەی ئاڵۆز و ناسک و هەستیارە، بۆیە یەک دەنگی و یەک ڕێزی
کورد پێویستە و بەشداریکردن بەشێوەیەکی کارا لە پرۆسەی سیاسی و بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەکان وپرۆسەی دەنگدان ئەرکێکی پیرۆزە لەم
قۆناغە.
لە ئەزموونی خەباتی سیاسی و شارستانی گەلاندا،
دەنگدەر و جەماوەر بە یەکگرتووی زۆربەی کات لایەنێکی هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوە
بووە لە پرسە چارەنوسسازەکان و کارە سیاسیەکاندا.
لە هەرجێگایەکیش دەنگدەر و جەماوەر خۆی بە دوور گرتبێ
لە پرۆسە و پرسە سیاسیەکان، و باوەری بەخۆی نەبوبێ خاوەنداریەتی پرسە سیاسیەکانی
خۆی بکات، چارەنوسی جەماوەری لەم جۆرە ناڕۆشن و نادیار و هەمیشە لەژێر هەرەشە و مەترسیدا دەبێ.
لەهەر پرۆسەیەکی سیاسیدا دەنگدەر و جەماوەر رۆڵی
خۆیان نەگێڕا و کەوتنە دەرەوەی کایە سیاسیەکان و هاوبەشی تەواویان نەکرد لە پرسە
گرنگ و چارەنوسسازەکان، جەماوەر گیانی
بەرپرسیاریەتی تێدا لاواز دەبێ و نامێنێ، سەرئەنجام جەماوەر دڵسۆزی و خۆشەویستی و
پاپەندبوونی نامێنێ بۆ میللەت و نیشتیمان، کە ئەمیش کارەسات و مەترسیە هەرە
گەورەکەیە لە ئەمرۆ و داهاتووی کوردستانی عێراق.
ئەو ناڕازیانەی کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە
نا ئومێدی و لە بێ بڕوایی و بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و
عێراق، و لە بێ هیوا بوون لە گۆرانکاری بۆ باشکردنی دۆخی هەرێم و عێراق... دیارە
بێ هیوایی و نا ئومێدی بژاردە و ئاماژەیەکی تەندروست نیە بۆ توانا و ئیرادە و
ویستی مرۆڤ، مرۆڤی بێ ئومێد و بێ بڕوا دەچێتە خانەی نەبوو، چونکە نا ئومێدی و بێ
هیوایی سەرەتایەکە بۆ خۆ بەدەستەوەدان و تەسلیم بوون، و قبوڵکردنی زوڵم و زەلیلی و
ڕەزیلی،...، ئەمە جگە لەوەی بایکۆتی
لەم جۆرەش هەر خزمەتی راستەوخۆی ڕکابەر و نەیاران دەکات.
لە رووی سیاسیشەوە، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان و
پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بە بێ هۆکارێکی مەنتقی و بڕواپێکراو، و بەبێ
ئامادەکردنی بەدیلێکی باش بۆ ئەم قۆناغە، هەڵوێستی دەنگدەران لاواز دەکات،...، بەم
شێوەیە دەنگدەران دوا ئەکەون لە جێبەجێکردنی بەشێک لە ئەرکەکانی خۆیان، و بێبەش
دەبن لە بەدەستهێنانی بەشێک لە مافەکانیان، چونکە دەنگدان وەک پڕۆسەیەکی شارستانی
هەم مافێکی دەستوریە، و هەم ئەرکێکی سەرەکی قۆناغەکەیە، بەهۆی دۆخی قەیراناوی و
ئاڵۆز و هەستیاری عێراق و کوردستانی عێراق و کەرکوک و ناوچەکێشە لەسەرەکان بە
تایبەت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا ئەمرۆ لە کوردستانی عێراق بژاردەیەکی
باشترمان نیە لە خەباتی شارستانی و هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان
و بەشەکانی تری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و داواکاریەکانی جەماوەر.
لەگەڵ هەموو لایەنە خراپەکانی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی
دەنگدان لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان و عێراق، هەڵبژاردنەکان
لایەنی باشی هەبووە تا ڕادەیەک و گۆرانکاریشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەشێوەیەکی گشتی هەرکاتێک دەنگدەران بە گشتی
بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، رووداو گۆرانکاری نوێ و گرنگی بەدواوەبووە، و
هەر کاتێکیش جەماوەر و دەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی و دەنگدانیان کردبێت بە
شێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی و کێشە و قەیرانی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا
هێناوە، و لە هەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر و دەنگدەران هەمیشە
قوربانی و زەرەرمەندی یەکەم بوون.
لەبەرئەوە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی
ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمرۆی عێراق و کوردستانی عێراق و کەرکوک و ناوچە
کێشەلەسەرەکان بە تایبەت، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە و
بەشدارینەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمرۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت
بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێ بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە
کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و
کوردستانی عێراق بە گشتی.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر و
دەنگدەرانی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە پرسی هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە
پرۆسەی دەنگدان و خەباتی شارستانی بەگشتی تەنیا بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری
کوردستانی عێراق لەم قۆناغەدا، و ئەرکی جەماوەر و هەموو هێز و لایەنەکانە ئەوە
بکەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بۆ
ناوخۆی کوردستانی عێراق بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
687 جار خوێندراوەتەوە