پۆپۆلیزم لە قۆناغی بوختانچێتیدا...

پۆپۆلیزم، بەو مانایەی کە درۆ و ڕاستی تێکەڵ بکەی بۆ هەڵخزاندنی خەڵک و هاندانیان بۆ جوڵە یان ئامانجێکی سیاسی، لە کوردستاندا گەیشتوەتە حاڵەتێکی ترسناک.

پۆپۆلیزمی کوردی وەک هەر دیاردەیەکی رۆژهەڵاتی، ئاوێتە بوە بە زبری و توندوتیژی و بێ هیچ رەحم و بەزەیی و بیرکردنەوەیەک، ئەوەی دێتە بەرچاوی دەیکوتێ و جوێنبارانی ئەکات.

هێندە بەسە پەیجێکی سێبەر قسەیەکی کراو یان نەکراوی سیاسیەک یان بەرپرسێک بخاتە بەر فلاش و بلاجکتۆرێکی لێبدات، ئیتر باران و لێزمەی سوکایەتی و ریسواکردن لەڕێی کۆمینت و سەرنج و قسەی ڕەق و ناشرینەوە وەک تەرزەی بەهاران دائەبارێ و وزەو کاتێکی زۆری دەوێ تا بەرپرسی ناوبراو لە ژێر کوتەکی پۆپۆلیزمی شەڕانی کوردیدا پشت ڕاستکاتەوە..

ئەم پۆپۆلیزمە ترسناکە و ماڵی کورد وێران دەکات...

ئەم پۆپۆلیزمە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە مشتوماڵ دەدرێ و عاقیبەتەکەی ماڵوێرانیەکی زۆرتر دەبێ لە شەڕی براکوژی..

من شاهیدی شەڕی براکوژی بوم و لە چەندین شوێنی تریش وتومە کە ئەوانەی شەڕیان هەڵایساند، تەنیا ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی خوارەوە بون کە بە هەڵە یان بە راست پێیانوابو دەبێ پارتی و یەکێتی شەڕبکەن تا ئەوان (هەر خودی ئەوان) سودی زیاتری مادی و مەعنەوی بکەن.

میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی، ئەمجارەیان بە هۆشیاری تەواوەوە، بەوپەڕی قەناعەتەوە ئەزانن کە کردەوەو پراتیکیان ناڕاستەو وتنی حەقیقەت نیە، بەڵام بۆ خۆبردنەپێش و بۆ دەسکەوتنی پارەوپول، ئەم یاریە نەگریسە بەرەوپێش دەبەن و بەو حوکمەش کە میدیای راقی و رەسمی حزبەکانیان ناتوانێ بێتە ئاستی ئەوان و لە هەمان کاتدا ناتوانێ لە پرۆتۆکۆل و ڕەسمیات و بەرژەوەندە ڕاستیەکانی دو حزب دەرچێ، بازاڕی ئەمان تادێ گەرمترو گەرمتر دەبێ و واوەیلا بۆ ئەو کەسەی بکەوێتە بەر پەلامارو هایلایتی ئەم ئەژدیها سێبەرەی دوحزبی کۆنی وڵاتمان...

میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی چوەتە قۆناغی بوختانکردن و چەواشەکردن و گەوجاندنی خەڵک...


با هەمومان پێکەوە بەدەنگی بەرز بە یەکێتی و پارتی بڵێین:


میدیای سێبەرتان بازیداوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە.. راستە لەم شەڕە میدیاییەدا فیشەک و قەنناسە ناتەقێنرێ و بە جەستە کەس ناکوژرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە قوربانیانی ئەم شەڕە پیسە، پێش هەموکەس، سەرکردەکانی هەردو حیزبن و بە چەکێک بریندار دەکرێن کە زۆر لە فیشەک بەئازارترە کە ئەویش چەکی "وشە" و وەسفی ناڕاست و ناحەقیقیە...

شەڕی نەگریسی پۆپۆلیزمی بوختانچی بوەستێنن..

ئەو چەکە پێش هەموکەس سەری ئەو کەسانە دەخوات کە بودجەی بۆ تەرخان دەکەن.

679 جار خوێندراوەتەوە