بیست و شەش ساڵ پێش ئەمڕۆ، شەڕێکی خوێناوی و ترسناک لە نێوان یەکێتی و پارتی
لە ناوچەی پشدەر هەڵایسا.
ئەو شەڕە پێنج ساڵی خایاند و خوێن و ئیمکاناتێکی زۆری گەلی ئێمەی بەفیڕۆدا.
ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئایاری هەمو ساڵێک، یادی ئەو ڕۆژە شومەیە، کە هاوڵاتیانی
شاری قەڵادزێ، لە دەنگی چەند تەقەیەکی کڵاشینکۆف ڕاچڵەکین و، بەدەم ترسێکی زۆرەوە
لە شەڕی براکان، زانیان کە مام جوتیار (یەکێک لە فەرماندەکانی یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان) و ڕەسوڵ حاجی باهۆمەر، بە بێتاوانی و بێ هیچ نیازێکی شەڕ (هەردوکیان لە
دایکبوی گوندی هێرۆن) بە دەستی پێشمەرگە و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە
ناوەڕاستی چوارڕیانی قەڵادزێ شەهید کران.
بەهانەی ئەم شەڕە هێشتاش ڕون نیە و هەرچیەک بێ، وەک لە شوێنی تریشدا وتومانە،
هیچکام لە ڕێبەری پارتی و یەکێتی خوازیاری نەبون.. ئەوانەی شەڕەکەیان هەڵایساند کەسانی
توندڕەو و نابەرپرس و ئاژاوەچی و تێکدەر بون، کە سەرەنجام بونە هۆی ڕژانی خوێنێکی
زۆری پێشمەرگە و لاوازکردنی حکومەتی هەرێم و زەڕبەدان لە پێگەی سیاسی و ئابوری هەرێمی
کوردستان.
ڕواڵەتی مەسەلەکە واباسکرا: عەلی حەسۆ میرخان (لێپرسراوێکی پارتی و کوڕی فەرماندەیەکی
ناوداری پدک کە لە شەڕی براکوژیدا گیانی لەدەستدابو) دەیەوێ بە زۆری هێز، ئەو موڵکەی
لە ناوشاری قەڵادزێ لەباوکیەوە بە میرات بۆی جێماوە و پانتاییەکەی کەمترە لە هەزار
و سەد مەتر دوجا، و ژمارەیەک خەڵک دەستیان بەسەراگرتوە، وەرگرێتەوە...
خەڵک ناڕازیبون و دەسیان دابوە چەک.. مام جوتیار کەوتبوە نێوان و لەم ئەرکەدا
نزیک بو سەرکەوێت، کە توندڕەوەکانی پارتی وایان لێکدابۆوە و دۆخەکەیان وا گرژکردبو،
کە نابێ کوڕی حەسۆمیرخان بە دەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە مەسیف و قسەی "داگیرکەران"
ی موڵکەکە سەرکەوێت!
ئەم قسەیە تا چەند ڕێی تێئەچێ، کە کەسێکی خوێندەوار و دەسەڵاتدار باز بەسەر
یاسادا بدات و هەوڵی بەکارهێنانی زۆربدات لەگەڵ خەڵکی گوندێک، لە پەردەی نهێنیدایە
و دەبێ لێیبکۆڵرێتەوە.
ئێوارەی یەکی ئایار ی ساڵی 1994 شەڕ قەوما..
ئەو هەناسانەی لە سنگی خەڵکا پەنگی خواردبۆوە، چاوەڕێبون بە تراژیدیەکی تر
لە سینەیان دەربچێ، چونکە دەیانزانی حزبەکان لە سەر بناغەی تۆڵە دەچن بەڕێوەو هێشتاش
خوێنی قۆناغی قەبیلەیی لە ڕوح و هەناویاندا دەجوڵێ..
بۆیە سەرەنجام سیاسەتی کەسانی ئاژاوەچی و تێکدەر و نەزان سەرکەوت و ڕۆژی
دوایی ژمارەیەک لە باشترین فەرماندەکانی یەکێتی و ژمارەیەکی زۆریش لە پێشمەرگە و فەرماندەکانی
پارتی، بە هۆی شەڕێکەوە کە نە سەرۆک و کۆنگرەی حزبەکانیان بڕیاری دابو، نە زۆربەیان
ئاگادار و پرسپێکراوبون تیایدا، شەهیدکران.
شەڕی براکوژی قەڵادزێ بیست و شەش ساڵی بەسەرا تێپەڕیوە
ئەم شەڕە تا ئێستاش بە وردی دیکۆمێنت نەکراوە و وردەکاریەکانی بۆ هیچکام لە
نەوەکانی ئەم وڵاتە ڕووننەکراوەتەوە... تا ئێستە تاقە فیلمێکی دیکۆمنتاری، ڕۆمانێک،
کتێبێکی مێژوویی لە بارەیەوە تۆمار نەکراوەو هەر بەو هۆیە و زۆر هۆی تری زیندو، ئەگەری
دوبارەبونەوەو سەرهەڵدانەوەی هەموکاتێ لە ئارادایە.
هەنێک لە ئێمە بەو ئەندازەیە بەدبەخت بوین کە لەو شەڕانەدا حزورمان هەبێ و
بەشێکی زۆر لە وردەکاریەکانیمان بیرمابێ.
زۆرێک لە ئێمە، هێندە بێشانس بوین، کە وەک سەدان و هەزارانی تری ئەم وڵاتە،
بێئەوەی یەک مسقاڵ بڕوامان بە شەڕێکی ئاوا هەبوبێ، تیایدا ماینەوەو شایەتی زۆر لە
کارەسات و ماڵوێرانیەکانی بوین.
شەڕی قەڵادزێ شەڕی ئەو کەسانەبو کە حەزیان لە ئاشتی و ئارامی نەبو، ئەوانەی
حزب بۆیان بۆتە بت و بە ڕوحی قەبیلەیی دەیپارێزن.
شەڕی ئایاری 1994 شەڕێکی داسەپاو بو کە ئاژاوەگێڕەکان، لە بابەتی میدیای فیتنەو
سێبەری ئێستای حزبەکان، ئەجندای خۆیان بەسەر کۆی سیاسەتی یەکێتی و پارتیدا سەپاندو
بونە مایەی تیاچونی خۆیشیان و هەزاران ڕۆڵەی تری ئەم وڵاتە.
شەڕی براکوژی نێوان یەکێتی و پارتی، لە بناغەدا شەڕی یەکێتی و پارتی نەبو،
شەڕی هەنێ لەو کەسانەبو کە خۆیان لە حزب و ڕێکخراوی حزبی مۆدێرن بە گەورەتر ئەزانی
و بۆ هەنێ بەرژەوەندی ناچیزی شەخسی و دەرکەوتن، یەک وڵاتیان کردە گۆمی خوێن و هەزاران
یادەوەری خوێنین وتاڵیان بۆ خەڵکی کوردستان کردە دیاری.
لەم شەڕەدا بنەماڵەکان و خێزانەکان لێک نەترازان.. میللەتی قەڵادزە و خەڵکی
کوردستان دژی ئەو شەڕە بون و لە ناخەوە پێی برینداربون.. ڕەنگە لەڕوانگەی ناڕازیبونی
خەڵکەوە بتوانرێ دەیان و سەدان چیرۆکی سۆزداری و پڕمانا دژی ئەوشەڕە بنوسرێتەوە، کە
تا ئێستا کەس نەیبیستون و شایستەی دەرس و پەندی مێژویی و سیاسی بن.
یەکێک لەو ڕوداوە ڕاستیانەی کە دوای شەڕ بیستراو، کاریگەری قوڵی لای من جێهێشت
گریانی فاتمە خانی دایکی شەهید مام جوتیار بو.
گریانی دایک ئاسان نیە و بە دڵنیاییەوە هیچ پیاوێک ناتوانێ ئەو هەستەی هەبێ
کە دایکێک هەیەتی.. لەوەش زیاتر، هیچ مرۆڤێ ناتوانێ هەست و ناخی برینداری دایکێک دەرک
بکات لەسەر تەرمی ڕۆڵە کوژراوەکەی.
ئەوڕۆژە، واتە بیست و شەش ساڵ پێش ئێستە و ئەم کاتە (کاتژمێر 7) یا فاتم گریابو..
بە ئەندازەی گریانی دایکێکی پشدەری بۆ ڕۆڵە خۆشەویست و ناودارەکەی.
ئەو ڕۆژەی دواییش گریانەکەی درێژەپێدابو.. بەڵام تەنها بۆ مام جوتیاری کوڕی
نا، بۆ ئەو مرۆڤە نا کە بەشێک بو لە ڕوح و جەستەی، بۆ ئەو کەسە نا کە بەجێی شانازی
خۆی و بنەماڵەکەی و ناوچەکەی دائەنا، بەڵکو بۆ کوژرانی کوڕە خوێندەوارەکەی حەسۆمیرخان
کە هێزەکانی یەکێتی لە تۆڵەی مام جوتیار خستبویانە کەمینەوەو تۆڵەی هەڵایسانی شەڕەکەیان
لێکردبۆوە.
ئەو گریابو ..وتبوی :
خەمی هەردوکیانمە..
هەردوکیان هی ئێمەن..
هەردوکیان کوڕی منن..
مام جوتیار کوڕی منە و هی خۆمە..
کوڕی حەسۆش هەر کوڕی منە..
ئەوان دراوسێمان بون..
ئەوان ساڵەها لە نزیک ئێمە بون و دوژمنی ئێمە نەبون..
ئەوە کوڕی پیاوێکە کە لەگەڵ ئێمە یەک خێزان بون..
کوڕی حەسۆ کێیە؟ ئەویش کوڕی منە...دەگریم تا ئەم خوێنڕێژیە بوەستێ...
نا... نا بۆ کورد کوژی و برا کوژی..
نا من دەمەوێ هەردوکیان هەبن و پێکەوە بیان بینم..
هەردوکیان.. کوڕی من و کوڕی حەسۆ یەکن.. ئێمە یەک خێزان بوین.. لێکمان مەکەن...
یا فاتم گریا و گریا...
گریا تا ئەویش لە داخ و خەفەتی برا کوژی و خۆکوژی گیانی لەدەستداو بە نامرادی
سەرینایەوە.
نا بۆ شەڕی برا کوژی..
نا بۆ شەڕ لەسەر دەسەڵات و نفوز..
نا بۆ شەڕ لەسەر نەوت و سامانی وڵات..
نا بۆ گوێگرتن بۆ کەسانی نەزان و ئاژاوەگێڕ و خۆپەرست و دڕندە..
بەڵێ بۆ ئاشتی..
بەڵێ بۆ تەبایی و برایەتی..
بەڵێ بۆ حکومەتی یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
1419 جار خوێندراوەتەوە