بەرنامەی (رۆژەڤ)ـی
کاک جوانرۆ محەمەد لەگەڵ ژمارەیەک لە گەنجانی کفری لە کەناڵی KNN، گەر شایستەیە بۆ نرخاندن بێت ئەوا لە دو ئاڕاستەدایە: لە لایەکەوە مایەی دەسخۆشییە بۆ میدیاکارێکی
کوردستان بگاتە ئەو ئاستە بەرزە لە لێپرسراوێتی کە لەم دۆخە سیخناخە بە خۆپەرستی و
داڕزانی سیاسی بتوانێ بەرنامەیەکی وا تێروتەسەل لەگەڵ هاوڵاتییانی شارێکی دێرینی
کوردستان ساز بدات، لە لایەکی تریشەوە مایەی گریان و توڕەییەکی زۆرە گەر ببینین
خوشک و براکانمان لەو شارە ئازیزەدا بە بەرزترین ئاستی هۆشیاری و ئەدەبەوە هاوار دەکەن:
** شارەکەمان سەنگەری
بەرگرییە و کەس داکۆکیمان لێناکات
** ناعەداکەتی بەرامبەر
شارەکەمان ناکرێت بەڵکو ستەم و زوڵمیکی
ئاشکرامان لێدەکرێت
** بە پێچەوانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراقەوە
خوازیارین باران نەبارێت، چونکە بارانبارین دەبێتە مایەی روخانی دەیان و سەدان شوێنەواری
مێژویی
** هەزاران دۆنم زەوی
بەراو و پشتئاوی بەپیت لە شارەکەماندا هەیە بەڵام کەس بایەخی پێنادات
** تا ئێستا 150 پڕۆژەی
جیاجیا لە شاری کەلار جێبەجێکراوە و یەک تاقە دانەیش بۆ کفری ئەنجامنەدراوە لە کاتێکدا
ئیدارەی گەرمیان پێکهاتوە لە کەلار و کفری.
بەداخەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی شپرزە و نابەرپرسانەی بەرامبەر شاری کفری.
بەداخەوە بۆ
حکومەتیک کە بە حساب پێی وایە چاکسازی دەکات بەڵام ئاگاداری ئەوە نییە لە نێوان دوو
شاری سەرسنور و هەستیاردا یەکیان سەدو پەنجا پڕۆژەی بۆ جێبەجێکراوە و ئەویتریش وەک
مناڵێکی هەتیو فڕێدراوەتە بەردەم کۆنەفاشیست و تازە داعش و رەگەزپەرستەکانی ناوخۆ و
دەرەوەی شار.
مایەی گریانە بەراستی..
مایەی شەرمە بە
راستی..
گەر نیوەی خاکی
کوردستانتان بەبەهانەی پوچی قەومی و دەهۆڵی دۆستە درۆزنەکانتان لە کاتێکی ناوەختدا
لەدەستدا ئەدی بەهانەتان چیە بۆ وەلکردن و
چاو داخستن لە ئاقار داوا رەواکانی خەڵکی کفری؟
مەگەر کفری
کوردستان نییە؟
یان ئێوە
کوردستان لە چوارچێوەی گەڕەکی ملیۆنەرەکان و گوندە کەشخەکانی هەولێر و ڤێللا رازاوەکانی
سەرچیا فێنکەکان دەبینن و بەس؟
ئەم دۆخەی کفری
شایستەی گریان و توڕەییەکی دەستەجەمعی و پرسینەوەیەکی یاساییە لە سەرجەم ئەو کاربەدەستە پلە یەک و دوانەی کفری یان
بەم رۆژە گەیاند.
بەڵێ بە دڵنیایییەوە
ئێوە کفریتان بیرچوەتەوە.
258 جار خوێندراوەتەوە