لەبارەی پێکھێنانی حکومەتەوە

لەو کاتەوەی بەرێز زورفی راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینه، مشتومڕێکی زۆر لە ماڵی شیعەدا دروست بوە، بەشە زۆرەکەی شیعە، بەتایبەت فراکسیۆنەکانی فەتح (ھادی عامری) بەھەمو باڵەکانیەوە، دەوڵەتی قانون، نوری مالیکی، وەتەنیەی عەمار حەکیم، عەقد ی فالح فەیاز، كه بە ھەمویانەوە له نێوان (١١٠ - ١١٥) ئەندامیان ھەیە.


بە راشکاوی دژی وەستانەوە، وتیان راسپاردنەکەی دەستوریی نیە و بازدانە بەسەر کوتلەی گەورە و شەراکەت و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان تێکدەدا.


لەبەرامبەردا فراکسیۆنی سائیرون بێدەنگی؛ بەواتای پشتیوانیان ھەڵبژاردوە، عەبادی و بەشێک لە فراکسێونەکەی بەئاشکرا پشتیوانن. کە بەھەموی لە نێوان (٧٠ – ٧٥) ئەندامیان ھەیە.


لەیەکەم رۆژەوە، تا ئەمرۆ، پەیامی کورد و ھەروەھا پەیامی سوننەش ئەوەیە، نابێ و ناشێ، ئێمە ببین بە بەشێک لەململانێی نێو ماڵی شیعە، بەتایبەت بۆ بابەتێکی پڕ بایەخ و ھەستیاری وەکو متمانەدان بە بەرزترین دەسەڵاتدار لە وڵات، بەتایبەتیتر لەکاتێکدا کە وڵات، سەرەڕای قەیرانە کۆنەکانی، دوچاری چەندین قەیرانی نوێ بوەتەوە.

 

بۆیە دانوستان و چونە وردەکاری لەم کاتەدا، وەک ئەوە وایە کورد رازی بوبێ بەوەی ببێ بە تەرەف لە ململانێکە، لەکاتێکدا ستراتیجی کورد ئەوەیە نەبێتە بەشێک لەو ململانێیە.


کورد تا ئێستا چاوەڕوانی ماڵی شیعەیە، نەک خودی زورفی و پشتیوانەکانی، بێگومان نە لەگەڵ بەڕێز زورفی و نە لەگەڵ ئەوانی دیکەش دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە، بەڵام دانوستان نەکراوە و وابڕوا پێدەچێ دانوستان ھەر نەکرێ.

680 جار خوێندراوەتەوە