رێکەوتێکی سەیرە

‏‎رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە یادی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆچی دوایی کرد، کە (19/5/1992)ـە.

دوا پەیامیشی کە بەڤیدیۆ لەبەر دەستدابێت لەبارەی پەرلەمان و خەباتی پەرلەمانیەوەیە،‏‎ ئەوکات باس لەوە دەکات کە پەرلەمان وەکو دەسەڵاتێکی یاسادان و چاودێریی، وەکو نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل، لەژێر پرسیاردایە.

‏‎کاک نەوشیروان لە دیدگای خەم و کێشەکانی خەڵکەوە دەیڕوانیە خەباتی سیاسی، ھەر لەو دیدگایەشەوە، پەرلەمانی بە مەیدانی بەدیھێنانی مافەکانی خەڵک دەزانی، ھەمیشە نەسیحەتی پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی دەکرد لەگەڵ ھاوڵاتیان پەیوەندیتان ھەبێ و گوێ لەخەڵک بگرن و شەڕی داواکانیان بکەن. ‏‎

دوای (28) ساڵ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرەڕای ھەمو کێشە و کەموکورتیەکانی، ھەنگاوێکی گرنگ بو لەو سەردەمەدا، بەوەی ململانێ سیاسیەکان و چەکداریەکان بە پەرلەمانیی بکرێت، لە بری شەڕی دەستەویەخەی چەكداریی و سەربازیی، ئەندامانی پەرلەمان شەڕی یاسایی و بڕیار بكەن. ‏‎

بەڵام ئەم ئەزمونە نوێیەی باشوری كوردستان ڕووبەڕووی ساختەکاری و دەستێوەردان بوویەوە، شەڕی ناوخۆ و دابەشبونی ھەرێمی بەدوادا هات، دابەشبون و دوو ئیدارەیی لێكەوتەوە و دواجار داخستنی پەرلەمانیشی لێكەوتەوە، پەرلەمان پاشەکشەی لە ئەرك و کارەکانی كرد. ‏‎

بەگەڕانەوە بۆ ئەو پرسیارەی کاک نەوشیروان، کە لەئەنجامی کۆمەڵێک گرفتی سیاسی پاش 12ى ئۆکتۆبەری 2015 ھاتەکایەوە، سەبارەت بە ئەرك و رۆڵی پەرلەمان لەنێو كێشمە كێشەكانی باشووری كوردستان و ‏‎وروژاندنی ئەو پرسە، كە لەڕاستیدا پرسیارەكە لە جەوھەری ھەبونی پەرلەمانەوە سەرچاوەی گرتبوو، پەرلەمان وەک نوێنەری گەل و بۆ بەرژەوەندی خەڵکە و دەبێ کارەکانیشی بۆ خزمەتی خەڵک بێت.

بەڵام کاتێک پەرلەمان ئەو بەھایەی لێ زەوت دەکرێت! پەرچەکردار و بەرپەرچدانەوەکانیش لە ئاستی گەورەیی کێشەکەدا نیە، ‎ئا لێرەدا پێویستە سەرلەنوێ پێداچونەوەیەک، بە ھەبونی پەرلەمان بەم شێوەی ئێستا و بەشدارییكردن لەم پەرلەمانەدا بکرێت، بەجۆرێك بەراودبكرێـت بە دیدگای نەوشیروان مستەفا و بخرێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی زانستی و یاساییەوە، كە ئاخۆ ئەمە ئەو دەزگا گرنگەیە كە دەبێت هەمووان پشتیوانی بكەن، یان نەخێر شتێكی دیكەیە و دەبێت پێناسەیەكی دیكەی بۆ بكرێت. ‏‎

ئەم بابەتە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام پێویستە ھەمو لایەک ئەوە بزانین پەرلەمان وەکو ھەڵبژاردنی ئەندامەکانی، وەکو شێوازی کارکردنی، بەتایبەت لەبابەتی ھەیبەتی دەزگاکە و توانای لێپرسینەوەی لە حکومەت، کەموکوڕی و کێشەی زۆر زۆرە، تاوەکو ئەو کێشانە بەردەوام بن، پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە ھەرێم رێچکەی تەندروستی خۆی وەرناگرێت.

نەوشیروان مستەفا لە دوایین پەیامیدا، پرسێکی وروژاندووە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەم نەفەسیی ئێستاوە سەیری پەرلەمان بكرێت، نەوەكانی داهاتووش گفتوگۆی دەکەن و ناگەنە ئەنجام، ئەڵبەتە ئەنجامێكی وەها كە جێگەی پەسەندی بیرە سەربەخۆ و منەوەركان بێت.

ئەگەر بەنموونەیەكی سادە بمانەوێت شیكارێك بۆ دیدگای ئەو بكەین لەبارەی پەرلەمانەوە، ئەوا دەبێت بڵێین: ئەو پیاوە باش درکی بەوە کردبو پەرلەمان دڵی پرۆسەی حوکمڕانیە، ھەر کاتێکیش دڵ کێشەی ھەبێت، جەستە تەندروست نابێت، بۆیە تاقە رێگە و كاری یەكەم و لە پێشیینە چارەسەری دڵە، نەک مردنی جەستە، لە ئەنجامی سستبوون یان ڕاوەستانی دڵەكە.

هەرچەندە لە ڕووی زانستییەوە رۆژەكان هەمان رۆژن و توانای مانەوەی مرۆڤیش بە زیندوویی پەیوەندی بە هەندێك بواری زانستییەوە هەیە و كاری ئێمە نیە، بەڵام بەراستی رێکەوتێکی سەیرە، سەرکردەیەک رێکەوتی مردنەکەشی رێکەوتێکی ئاسایی نەبوو، تەنانەت کاتی مردنەکەشی ھاوکات بو لەگەڵ ساڵیادی کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان لە ساڵی (1992) و كۆبوونەوەی ئاپۆرای خەڵكی باشوور بۆ دیارییكردنی نوێنەرانی خۆیان و دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵ یەكەم هەنگاوی بەرەو دیموكراسی چوون و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات. سەرەڕای هەموو تێبینیەكان لەسەر پرۆسەكەش.

862 جار خوێندراوەتەوە