بەغدا لە ئێوەوە دور نیە


دەگێڕنەوە یەکێک لە پەیامبەران داوا لە خودا دەکات چەند رۆژێک بەر لەوەى رۆحى بکێشێت ئاگادارى بکاتەوە تا خۆى بۆ مەرگ ئامادە بکات. خوداش بەڵێنى پێدەدات داواکەى جێبەجێبکات.

رۆژى رۆحکێشانى دێت و فریشتەى رۆحکێشان دێتە سەرى ئەویش سەرى دەسوڕمێ کە ئاگادارنەکراوەتەوە لەکاتیکدا ئەو بەڵێنى لە خودا وەرگرتوە.

بە رەخنە و گازەندەوە دەڵێت: بەڵێن بو بەر لەمەرگم خودا ئاگادارم بکاتەوە؟! فریشتەى رۆحکێشان وەڵامى دەداتەوە:بەڵام خودابەڵێنى خۆى جێبەجێکردوەو پێشتر چەند جارێک ئاگادارى کردویتەوە.

ئەو دەپرسێت: چۆن؟
فریشتەى رۆحکیشان دڵێت:دراوسێى لاى چەپت مرد ، پاشان دراوسێی لاى ڕاستت مرد ،پاشان لاى سەروتەوە دراوسێیەکت و لاى خوارویشتەوە دراوسێیەکت مرد،ئەمانە هەموى ئاگادر کردنەوە بون بۆتۆ بەڵام تۆ لەم ئاگادار کردنەوانە هیچى تێنەگەشتى.

بۆیە خودا بەلینى خۆى جێبەجێکردوەو تۆش ئێستا وادەى رۆح کیشانتە و ئامادەبە بۆ مردن.

ئەم چیرۆکە رەمزیە بەتەنها دینى نیە و بەڵکو لە روى سیاسیشەوە عیبرەتێکى گەورەى تیایە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین وەک یەکێک لەو کەسانەى داواى چاکسازى لە هەرێمدا دەکرد، ئەم نمونەیەى سەرەوە بۆ تێگەیشتن لە زەرورەتى چاکسازى لە هەرێمدا لەپاش روداوەکانى بەهارى عەرەبی دەگێرێتەوە.

بەئیلهام وەرگرتن لەو چیرۆکە ناوبراو لەبەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: دەبێت کەوتنى ئەو هەمو رژێمە سیاسیە لەدەوروبەرمان پەیامیک بێت بۆ کورد و سەرکردایەتیە سیاسیەکەى تا لەوە تێبگەین کە ئەگەر چاکسازى نەکەین ئێمەش بەهەمان دەردى وڵاتانى دیکەى ناوچەکە دەڕۆین، بۆیە ئەوەى لەمیسرو تونس و لیبیا و سوریا و یەمەن رودەدات پەیامە بۆ ئێمە تابکەوینە خۆمان ودەستبەچاکسازى بکەین بەر لەوەى باهۆزەکە بگاتە لاى ئیمەش.

ئەم وانەیە جارێکى تر لە گەڵ هەڵکردنى باهۆزى دوەمى خۆپیشاندانە کانى ناوچەکە لە لوبنان و عێراق ئەبێتە وانەیەکى نزیک و دوبارە بۆ تێگەیشتن لە پێویستى ئەنجامدانى چاکسازى لە هەریمى کوردستان

ئێستاش کە لە بەغدا باهۆزى خۆپیشاندان و نارەزایەتى جەماوریی هەڵیکردوە دەبێت بڵێین "بەغدا زۆر لە ئێوەوە دور نیە" رێک وەک ئەو ئایەتەى قورئانى پیرۆز لەسورەتى هود چاپتەرى 89 کە دەفەرموێت: ويا قومِ لا يجرمنكمْ شقاقي أَن يصيبكم مثلُ ما أَصابَ قوْمَ نوحٍ أَوْ قوْمَ هودٍ أَوْ قوْمَ صالحٍ ۚ وما قوْمُ لوطٍ منكم ببعيدٍ.

واتە ئەى گەلەکەم وابیرنەکەنەوە ئەوەى بەسەر گەلى نوح و هود و ساڵحدا هات بەسەر ئێوەدا نایەت ،خۆ بێگومان گەلى لوطیش لە ئێوەوە دورنین"

بیگومان بەغدا هەروەک چۆن لەروى جوگرافیەوە لە ئێمەوە نزیکە ،بەهەمان شێوە لەروى سیاسى و جەماوری و سروشتى دام و دەزگا و کیشەکانى گەندەڵى و جیاوازیی کۆمەڵایەتى و جیاوازى موچە و گلەیی و گازەندەکانى خەڵک و خراپى ژێرخانى دام و دەزگاکان و کاریگەریی وڵاتانى هەرێمایەتى ، لەئێمەوە نزیکە.

ڕاستە هەندێک جیاوازیی هەیە و لەهەندێک روەوە ئێمە کێشەمان کەمترە لە ناوچەکانى دیکەى عێراق ، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە بێکیشەین،ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە داهاتودا ئێمەش روبەروى کیشەى دیکە نەبینەوە.

ئەوەى لە بەغدا رودەدات دەبێت هاندەرێکى بەهێز بێت بۆ حوکمڕانانى هەرێم تا پرۆسەى چاکسازى خێراترو هەنگاوەکانى دروستکردنى دام و دەزگاى دەوڵەتیی تەندروست و باش، پتەو تر بکەن.

1016 جار خوێندراوەتەوە